هاکان فیدان شەو لە هەولێر رۆژی کردەوە و رۆژێکی پڕ لە دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو


رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان لە یەکەمین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا، شەو لە هەولێر رۆژی کردەوە و بەیانیی زوو گەیشە لای نێچیرڤان بارزانی. لە کۆبوونەوەیەکی یەک کاژێر و نیوی دا، سووکانداری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، بابەتە پەیوەندیدارەکانی هەولێر- ئەنقەرە و بەغدای لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد. 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبيژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی هەبووە لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسانە، بەدڵنیاییەوە هیچ یەکێک لەم رێکارانە ناگەنە دەرەنجام ئەگەر هەرێمی کوردستان تێیدا کاریگەر نەبێت، ئەو ئامادەگی و گفتوگۆیانەش خۆی سەلمێنەری ئەو راستییەن."
 
هێشتا کۆبوونەوەی هاکان فیدان و نێچیرڤان بارزانی بەردەوام بوو، دوو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی حکومەتی تورکیا راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نیشتنەوە و وەزیری وزە و شاندێکی بەرفراوانی وەزارەتی وزەی تورکیا گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
 
وێستگەی دووەمی کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو کە وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەریشی تێیدا بەشداربوون. مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا ئامانجی دیدار و کۆبوونەوەکانیان خستەڕوو.
 
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەسرور بارزانی گوتی "گفتوگۆمان لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچە کرد، لەوانە پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها چۆنیێتیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەجۆرێک چارەسەری بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت: "دڵنیاتان دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات، کە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ناخۆشییەک بین کە لە ناوچەکەدا هەیە."
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییەکە و گوتی "سوپاسی خۆم ئاراستەی برای ئازیزیم مەسرور بارزانی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم دەکەم بۆ ئەو پێشوازی و میواندۆستییە بەرامبەر خۆم و شاندەکەم. هەروەک دەزانن تورکیا بەشێوەیەکی زۆر داینەمیکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پێشدەخات. تورکیا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەمیشە و لە هەموو ئاستێکدا بە گرنگی دەبینێت."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی گرنگیی سەقامگیریی شاری هەولێری کرد و گوتی "هەروەک دەزانن، لەو ساڵانەی عێراق بە کێشەدا تێدەپەڕی، هەولێر بەردەوام شارێک بووە کە سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بووە. ئێمە لەو باوەڕەداین بەردەوامبوونی ئەو سەقامگیری، ئاسایش و گەشەپێدانی ئابوورییە، زۆر گرنگە. بۆ بەردەوامبوونی ئەمە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین. بەتایبەتیش بەهۆی ئەو هاوئاهەنگیی لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانیان داوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایان تاوتوێ کرد.