هاکان فیدان بە تورکمانەکانی گوتووە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن و کێشەکانیان وەلابنێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانی کرد، بەرپرسی تەواوی لق و بەشەکانی بەرەی تورکمانی لە باشووری کوردستان بانگهێشتی ئەو بارەگایە کرابوون و لەگەڵیان کۆبووەوە کە لەسەر داوای هاکان فیدان بوو.
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کۆبوونەوەکەدا داوای هاوکاری و بەدەمەوەچوونی تورکیای لە گەڕاندنەوەی ئاوارە تورکمانەکانی تەلەعفەر کردووە بۆ شوێنی خۆیان،
تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوازن تورکیا پشتیوانیی بەردەوامیان بێت لە پرۆسەی سیاسیدا.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەکو پێکهاتەی تورکمان هەمووکاتێک لەگەڵ ئەوەداین ببینە فاکتەرێکی باش بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا. لە کۆبوونەوەکەش باسی "پێکەوەژیان و رەوشی تورکمانمان کرد."
بەر لە بەجێهێشتنی بەغدا، وێڕای ناکۆکییەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسی، هاکان فیدان لەسەر مێزێک لایەنە جیاوازەکانی تورکمانی کەرکووکی کۆکردەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە تورکمانەکان کردووە ئامادەکاریی تەواو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن و کێشەکانیان وەلابنێن.
محەممەد سەمعان، گوتەبێژی بەرەی تورکمانی کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، داوایان لە هاکان فیدان کرد لە رێگەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیەوە لەگەڵ عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی ژمارەیەک پۆست و بەرپرسیارێتی بۆ نەتەوەکەیان بدات لە کابینەی سوودانی.
گوتەبێژی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەکرد، "هاکان فیدان جەختی کردەوە لە سەرجەم دیدارەکاندا داوای کردووە پێویستە نوێنەری تورکمان هاوشێوەی سوننە و شیعە و کورد لە عێراق هەبێت، وەک یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکان، ئێمەش تەئکیدمان کردەوە پەراوێزخستن دژ بە پێکهاتەی تورکمان پەیڕەودەکرێت، لە کاتێکدا محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی داوە تورکمان نوێنەری هەبێت لە کابینەکەیدا، بەڵام بەداخەوە تائێستا لەسەر بەڵێنی خۆی نەبووە."
فیدان بە گوتەی محەممەد سەمعان جەختی لەوەشکردووەتەوە کە "ناسنامەی تورکمانیی ئەم پارێزگایە [کەرکووک] بپارێزرێ. ئێمەش بەردەوام گوتوومانە شاری کەرکووک شارێکی عێراقیە، بە تایبەتمەندیی تورکمانییەوە."
جگە لەو تورکمانە شیعانەی سەر بە هێزە باڵادەستەکانی عێراقن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگای کەرکووک، تورکمانەکانی دیکە بە یەک لیست بەشداری دەکەن، وەک ئەوەی خۆیان دەڵێن، "هەوڵی وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەدەن و لەو هەنگاوەشدا تورکیا پشتیوانیانە."