هاکان فیدان لە هەولێرە و چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەمڕۆوە دەست بە کۆبوونەوە فەرمییەکانی دەکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانی (پێنجشەممە، 24-8-2023) گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لە هەولێر
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان، گوتی دوای کاژێرێکی دیکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێدەکرێت، دواتر بەڕێدەکەوێت بۆ سەری بڵند و لەوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانی، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، پاشان دەگەڕێتەوە هەولێر و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رەنجە جەمال هەروەها گوتی "بەپێی زانیارییەکانم، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ بەرەی تورکمانی و دواتر لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە.''
تەوەری کۆبوونەوەکانی
سەبارەت بە تەوەری کۆبوونەوەکانی، پەیامنێری رووداو دەڵێ، هەمان ئەو پرسانە دەبن کە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی کردوون، ئەمەش جگە لە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا.
هاکان فیدان، ئەو پیاوەی بە سندووقی نهێنی ئەردۆغان ناسراوە، پێش ئەوەی بێتە هەولێر، ماوەی دوو رۆژ لە بەغدا بوو و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکە و نوێنەرانی تورکمان کۆبووەوە.
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، پێدانی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە عێراق کە دادگەی نێودەوڵەتی وەک سزا بە سەر تورکیادا سەپاندوویێتی، تۆمارکردنی سکاڵایەکی دیکەی عێراق لەسەر تورکیا، گلدانەوەی ئاو لەسەر عێراق و پرسی پەکەکە، ئەو دۆسیانە بوون کە هاکان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق شەنوکەوی کردن.