مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە بە بەندکردن و لێدانی قامچی سزا درا


رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی زمانی کوردی لە سنە بە بەندکردن، لێدانی قامچی و دوورخرانەوە بۆ گرتووخانەی کرماشان، سزا درا.
 
سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی نۆژین، کە هاوژینی زارا محەممەدییە، لە لقی 106ی دادگەی تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی بە ساڵێک بەندکردن، تەواوکردنی ماوەی بەندکردنەکەی لە گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان و هەروەها لێدانی 40 قامچی سزا درا.
 
بڕیاری دادگە رۆژی سێشەممە 22-08-2023 بە سەیوان ئیبراهیمی راگەیێندراوە. ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی لە 08-08-2023 لە دادگەی تاوانەکانی سنە دادگایی کرابوو.
 
سەیوان ئیبراهیمی لە پەیجی ئینستاگرامی خۆیدا رایگەیاندووە، جگە لەو دۆسیەیە، بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتیش دۆسیەیەکی دیکەی لە لقی یەکی دادگەی شۆڕشی سنە بۆ کراوەتەوە و رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 28-08-2023 بەو تۆمەتەش دادگایی دەکرێت.
 
سەیوان ئیبراهیمی لە 03-01-2023 لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، لە نێو دادگەی سنە دەستبەسەر کرا و دوای چەند رۆژ بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام جارێکی دیکە لە 18-01-2023 دەستبەسەر کرایەوە و دوای 27 رۆژ بە کەفالەت ئازاد کرایەوە.
 
ئەنجوومەنی نۆژین دەڵێت، سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوە و مامۆستای زمانی کوردییە و چالاکییەکانی لەو بوارانەدا بووە. دەشڵێت، چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکان، لە نێویاندا مافی زمانیی کورد چالاکی کردووە و لەسەر چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.
 
لە یەکساڵی رابردوودا ئیدریس مینبەری، سۆما پوورمحەممەدی، سروە پوورمحەممەدی، واران محەممەدنەژاد، ئازاد عەباسی، سروە رەحمانپوور و ئومید موشیرپەنایی، لە ئەندامانی بەڕێوەبەری و مامۆستایانی زمانیی کوردی ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگەی سنەوە دەستبەسەر کراون.
 
ئەنجوومەنی نۆژین ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات.