گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو، بەشێکی زۆری بەروبوومە کشتووکاڵییەکان کەمبوونەتەوە و یەکێک لەوانە بەرهەمی هەنجیرە لە ئاکرێ کە بە یەکێک لە ناسراوترین بەرهەمی هەنجیر لە باشووری کوردستان دادەنرێت. 
 
هەنجیری ئاکرێ بە تام، ناسیکی و قەبارەکەی لەگەڵ هەنجیری شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق جیادەکرێتەوە. بەشێکی زۆری باخە هەنجیرەکان لە ئاکرێ بە ئاوی کانیاوەکان ئاودەدرێن و ماددەی کیمیایی لە بەرهەمهێنانیدا بەکارناهێندرێن. 
 
هۆکارێکی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنجیر بۆ نەخۆشکەوتنی دارەکان دەگەڕێتەوە کە بەوهۆیەوە بەشێکی زۆریان وشکبوون. 
 
کامل شەریفەدین، جووتیارێکی ناحیەی بجیلە لە قەزای ئاکرێ بە رووداوی گوت: بەرهەمی ئەمساڵ زۆر خراپە، بجیل یەکێکە لەو ناوچانەی بە بەرهەمی هەنجیری یەحیا بەگ بەنێوبانگە و رێژەی چاندنی هەنجیری زۆرە، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەیەکی زۆر کە نیوە زیاترە کەمیکردووە. 
 
کێشەیەکی دیکەی هەنجیری ئەمساڵ درەنگ پێگەیشتنێتی، ئەو جووتیارە گوتی، ساڵی رابردوو لە 20ـی تەممووزەوە هەنجیرمان لێدەکردەوە و هەمووی دەفرۆشران، بەڵام ئەمساڵ لە 23ـی ئاب هێشتا بەشێکیان پێنەگەیشتوون. 
 
ئەندازیار کاروان جەمال، بەرپرسی پاراستنی رووەکی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیر لە ئاکرێ خراپە و هۆکارە سەرەکییەکانیشی بریتین لە: کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەویش، بەوهۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە دارەکان تووشی نەخۆشی بوون. دەشڵێت، کوالێتیی بەرهەمەکەش وەکو ساڵانی رابردوو نییە، بۆیە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رێژەی بەرهەمی هەنجیر لەو قەزایە تاوەکو 70% دابەزێت. 
 
ئەو ئەندازیارە دەڵێت، چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە تەنیا بارانبارینە کە ئەوەش کارێکی سرووشتییە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدایە.  
 
خالید رەشید، فرۆشیارێکی سەوزە و میوەیە لە ئاکرێ، بە رووداوی گوت، ئەمساڵ بەرهەمی هەنجیر زۆر کەمیکردووە، ئەگەر ساڵی رابردوو لە رۆژێکدا جووتیار شەش تاوەکو 10 سندووق بەرهەمی هەبووایە، ئەمساڵ بە هەفتەیەک سێ سندووق لێناکەنەوە. 
 
بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمەکەش، نرخی هەنجیر زیادبووە و هەر کیلۆیەک بە تاوەکو حەوت هەزار دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو کیلۆی لە سێ هەزار دینار تێپەڕی نەدەکرد. 
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، رووبەری چاندنی هەنجیر لە ئاکرێ لەنێوان 1500 تاوەکو دوو هەزار دۆنمدایە و زیاتر لە 240 هەزار دارهەنجیر لە سنووری ئەو قەزایەدا هەن. 
 
دیارترین جۆرەکانی هەنجیر لە ئاکرێ بریتین لە: یەحیا بەگ، بینات، سوورخاڵ، رەش، شاکرێ و شنگالی.