بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە رووباری کەشکانی لوڕستان وشک دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران دەڵێن، رووباری کەشکان لە شاری پۆلدوختەری لوڕستان نزیکەی 98% وشکبووە و دەیان هەزار ماسی و گیانلەبەری دیکە تێیدا مرداربوون. پارێزگاری لوڕستانیش هۆشداری لە وشکبوونی باخەکانی پولدوختەر و لەنێوچوونی سەرچاوەی بژێویی دانیشتووانی ناوچەکە دەدات.
 
فەرهاد زێویار، پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند، "بابەتی کۆبوونەوەکەمان زیاتر پەیوەندیی بە کێشەی بێئاویی باخەکانی باشووری پارێزگا و بەتایبەت پولدوختەرەوە بوو. بەداخەوە جووتیارانی ناوچەی سەرووی رووباری کەشکان، مافی گشتی لەبەرچاو ناگرن و هەندێک مژۆکی ئاویان داناوە کە بووەتە هۆی وشکبوونی رووبارەکە و نەگەیشتنی ئاو بە ناوچەکانی خواروو."
 
کێشەی بێئاوی تەنیا لە پولدوختەر نییە و بەڵکو لە گوندەکانی ناوچەی بەیرانشاری سەر بە خوڕەمئاوان-یش هەیە، کە دانیشتووانەکەی بەردەوام بەدەست کێشەی بێئاوییەوە دەناڵێنن و رۆژانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە روو لە کانییەکانی دەوروبەر دەکەن.
 
ئەمساڵ قەیرانی بێئاوی لە رۆژئاوای ئێران و لەوانە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زووتر لە ساڵانی پێشوو دەستیپێکرد و لە هەندێک لە شارەکان، ناڕەزایەتییەکان بۆ دابینکردنی ئاو بەردەوامن.
 
ماوەی 11 رۆژە ئاوی هەمەدان و نزیکەی 20 رۆژیشە ئاوی شاری کورد و چوارمەحاڵ و بەختیاری، بەردەوام دەبڕێت، لەو شوێنانەشی کە بۆ چەند کاژێرێک هەیە، کەڵکی بەکارهێنانی نییە.
 
هاووڵاتییەک دەڵێت، "سەیرکەن، من ئەم دەبە ئاوانەم سێ جار کوڵاندووە. کەچی هێشتا بنەکەیان پڕە لە پیسی. لە پێنج رۆژی رابردوودا، یەک دڵۆپ ئاومان نەبووە و من ئەم ئاوەم لەو شوێنانەوە هێناوە کە بۆ چەند کاژێرێک ئاویان بووە. هیچ کەڵکێکی نییە ئەوەندە پیسە. منداڵەکانم نەخۆش کەوتوون، هاوسەرەکەم نەخۆش کەوتووە."
 
ئاوی هەمەدان لە بەنداوێکەوە دابیندەکرێت کە وشکبووە. بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران دەڵێت، تاوەکو کۆتایی هەفتە بەنداوەکە بە تەواوی وشک دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی 600 هەزار دانیشتووی هەمەدان دروستدەکات، بەڵام وەزارەتی وزە بەڵێنی ئەوە دەدات تاوەکو چەند هەفتەی داهاتوو کێشەکە چارەسەر دەکات.
 
عەلی ئەکبەر مێحرابیان، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، "پرۆژەیەکی گەورە 20 ساڵە لە هەمەدان هەیە کە بەداخەوە کارەکانی زۆر بە خێرایی جێبەجێ نەدەکران، بەڵام هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ کە لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەو پرۆژە دەستبەکار بکات و کێشەی ئاوی ناوچەکە چارەسەر ببێت."
 
خەڵکی بیجاڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگری لە گواستنەوەی ئاوی ناوچەکەیان لەڕێگەی بەنداوی تەڵوارەوە بۆ هەمەدان دەکەن. مەبەستی وەزیری وزەی ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەی بێئاویی هەمەدان، گواستنەوەی ئاوی ئەو ناوچەیە کە خەڵکەکەی دەیانەوێت رێگریی لێبکەن.