سەرۆک بارزانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازێک دەخاتەڕوو

24-08-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازێکی خستووەتەڕوو کە هەڵبژاردن بە دوو بەش بێت، 50%ی کورسییەکان بکرێنە فرەبازنەیی و ئەوی دیکەشی یەک بازنەیی و لیستی داخراو. 
 
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2022، رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشداریی نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بەڕێوەچوو، پێشنیازێکی سەرۆک بارزانی خراوەتەڕوو، کە کەشێکی ئەرێنی لەنێو کۆبوونەوەکەدا دروستکردووە".
 
پێشنیازەکەی سەرۆک بارزانی
 
بە گوتەی بابکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشنیازەکەدا سەرۆک بارزانی داوای کردووە، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکرێتە دوو بەش، 50%ی کورسییەکان بە یەک بازنەی داخراو هەڵبژاردنیان بۆ بکرێت و 50%ـەکەی دیکەش بە فرەبازنەیی بێت.
 
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگادارین ئەو پێشنیازە کراوە، ئێمە گرفتمان نییە هەر لایەنێک هەر پێشنیازێک بکات، ئەوان لەنێو خۆیاندا رێکبکەون ئێمە ئامادە دەبین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن".
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن پێیوایە پێشنیازەکەی پارتی روون نییە و دەڵێت: "دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشنیازەکەیان کردووە زیاتر روونی بکەنەوە، بەڵام بەگوێرەی سیستەمەکە بێت ئەگەر بکرێتە یاسا ئەوکاتە دەنگدەر دوو دەنگ دەدات".
 
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە چۆنێتیی پێشنیازەکە، رۆژی چوارشەممە 24ـی ئابی 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو شێوازەی دەنگدان پێیدەگوترێت 'سیستەمی رێژەیی تێکەڵاو' هەر حیزبێک دەتوانێت دوو لیستی هەبێت، لیستێک بۆ یەک بازنەیی و لیستێکیش بۆ فرەبازنەیی".
 
هاوار محەممەد روونیکردەوە: "بۆ نموونە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت لیستێکی لە لیستە داخراوەکەدا هەبێت و 50 بەربژێری هەبێت بۆ 50 کورسی، دەنگدەریش دەنگ بە لیستەکە دەدات نەک بەربژێر، بەربژێرەکان حیزب دیاری دەکەن و بەگوێرەی دەنگی لیستەکە و ریزبەندیی بەربژێرەکان، بەربژێرەکان سەردەکەون".
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی، سیستەمەکە لە "زۆر وڵاتی پێشکەوتوودا" کاری پێدەکرێت و دەنگدەر ئەوکاتە دەتوانێت دوو دەنگ بدات؛ دەنگێک بۆ لیستە داخراوەکە و دەنگێکیش بۆ فرەبازنەیی.
 
سیستەمی رێژەیی تێکەڵاو، Mixed Member Proportional، بە کورتکراوەیی (MMP) ناسراوە، هاوار محەممەد گوتی: "لە زۆر لەو وڵاتانەی سیستمی حوکمڕانیان فیدراڵییە ئەم شێوازەی ھەڵبژاردن پەیڕەو دەکەن، لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2007 ئەم شێوازە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە؛ رۆمانیا ساڵی 2008 و نیوزلەندا ساڵی 2017 و پاشان لە ھەرێمی کیوبیک لە کەنەدا و زۆر لە وڵاتانی دیکە بەپێی گونجانی بارودۆخی خۆیان ئەو سیستەمەیان بەکارهێناوە".
 
بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان
 
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بۆچوونی ئەوان لەسەر پێشنیازەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، بەڵام بە فەرمی نەگەیشتووەتە ئێمە؛ هەرکات پارتی بە فەرمی پێشنیازەکەی دایە ئێمە، ئەوکاتە ئامادەین وەکو هەموو پێشنیازەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکەین؛ پێشنیازی ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردن بە چواربازنە بکرێت، پێشنیازی ئەوانیش هەرچی بێت دەبێت بە فەرمی گفتوگۆی لەسەر بکەین".
 
هاوکات کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش پڕۆژەی خۆمان هەیە و داکۆکیی لێدەکەین کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە بەشێوەی فرەبازنەیی؛ پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و بۆ  ئەوەش رێککەوتنی لایەنەکان پێویستە".
 
سەبارەت بە پێشنیازی دابەشکردنی هەڵبژاردن بۆ دوو بەش؛ کاردۆ محەممەد گوتی: "ئێمە بۆ هەموو پڕۆژەیەک ئامادەین بۆ گفتوگۆ؛ کاتێک لایەنێک دەچێتە کۆبوونەوەوە و پڕۆژەی هەیە، بێگومان لایەنی بەرامبەریش پڕۆژەی هەیە، ئەوکاتە خاڵە هاوبەشەکان روونن و گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە دەکرێت کە ناکۆکییان لەسەرە".
 
عوسمان کاروانی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئەوانیش پڕۆژەی خۆیان هەیە و دەیانەوێت هەڵبژاردن بە چوار بازنە بکرێت، دەشڵێت: "ئەوەی پارتی دەیڵێت بکرێت بە دووبەش بە بڕوای ئێمە ئاڵۆزە و دۆخی ئێستای کوردستانیش ئەم هەموو پڕۆژەیە هەڵناگرێت؛ بەڕاستی پارتی و یەکێتی نایانەوێت لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت و بۆ ئەوەش یەکدی تۆمەتبار دەکەن، ئەگینا ئەو هەموو پێشنیازەی ناوێت".
 
هاوکات عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پێشنیازەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە رژدین لەسەر پڕۆژەی خۆمان، کە چوار بازنەییە، پڕۆژەکەی پارتی بۆ سەرلێشواندنە. هەروەها خەڵکی ئێمە زانیاریی لەسەر ئەو پڕۆژەیەی پارتی نییە، لە کەم وڵاتیشدا بەکارهێندراوە".
 
رۆژی 06-11-2022 وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییدێت، بەڕێککەوتنی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت ماوەی خولەکەی درێژبکاتەوە. رێبوار بابکەیی گوتی: "هیچ یاسایەک نییە بۆ درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان، ئەوەی هەیە بە رێککەوتنی لایەنەکان درێژ دەکرێتەوە، کە بەبڕوای من ئەم خولە شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە".
 
24ـی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆكرد کە 01-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە، ئامادەکارییەکان وەکو پێویست بەڕێوەنەچوون و کۆمیسیۆن رایگەیاند، ئەوان کاتیان پێویستە و ناتوانن لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بکەن.
 
بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ لایەنە سیاسییەکان تائێستا دوو جار لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە، کە دوایینیان لە 10ـی ئابی 2022 بوو.
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی 10ـی ئاب، کە جێنین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ عێراق ئامادە بوو، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە "سه‌ره‌تای ئه‌یلوولی داهاتوو دوایین كۆبوونه‌وه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ بکرێت، تاوەکو ئه‌وکاتەش سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌ هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یۆنامی له گفتوگۆ و ئاماده‌كاری به‌رده‌وام ده‌بن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.