سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان: سەدان گوند مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە


رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، 218 گوندی سنووری پارێزگاکە "مەترسیی رۆچوونی زەوییان" لەسەرە و دەبێت بە خێرایی ئەو گوندانە بگوازرێنەوە.
 
شێرزاد نەجەفی، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، ئەو پارێزگایە لە سەر هێڵی ناوەندیی زاگرۆس هەڵکەوتووە و هەروەها دۆخی تایبەتی جوگرافیایی و گۆڕانکاری لە زەوییەکاندا، مەترسییەکانی بوومەلەرزە، لافاو و رۆچوونی زەوییان زیاتر کردووە.
 
بەگوتەی شێرزاد نەجەفی، دوو هەزار و 980 خاڵ لە پارێزگاکەدا دەستنیشان کراون کەوا ئەگەری رۆچوونیان هەیە، هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر دووریی 100 مەتری گوندەکان وەکو ناوچەی مەترسیدار بۆ رۆچوون لە قەڵەم بدەین، ژمارەی ئەو گوندانەی کەوا مەترسییان لەسەر دەبێت، دەبنە 756 گوند."
 
بەرپرسی سەرچاوە سرووشتییەکانی پاریزگای لوڕستان گوتیشی، بەشێکی زۆری ژێرخانە گرنگەکان، بۆ نموونە گوندەکان لەو شوێنانە دروستکراون کەوا مەترسیی رۆچوونی زەوییان هەیە یان لە نزیک ئەو شوێنانە دروستکراون. ئەو هۆکاری ئەمەشی بۆ ناشارەزایی و ئاگادارنەبوون لە ناوچە مەترسیدارەکان گەڕاندووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان، دروستکردنی رێگەوبان، باخ و ئاودێری بە شێوازی نەریتی لەو ناوچانەی ئەگەری رۆچوونیان لەسەرە، ئەگەری رۆچوون چالاکتر دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گوندانەی لەو شوێنانەدا دروستکراون، چۆڵبکرێن.