رێبوار تاڵەبانی: پارتیبوون عەیب نییە، بەڵام نەبوومەتە پارتی

رووداو دیجیتاڵ
 
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پۆستێک وەردەگرێت و دەڵێت "پارتیبوون عەیبە نییە، بەڵام نەبوومەتە پارتی".
 
رێبوار تاڵەبانی، کە ئێستا وەکو راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسی ماددەی 140 دەستبەکاربووە بە رووداوی راگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران وەکو راوێژکار بۆ پرسی ماددەی 140 دەستبەکاربووە و هەروەها دژوار فایەقیش هاوشانی ئەو هەمان پۆستی وەرگرتووە و بەیەکەوە دەستبەکاربوون.
 
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "ئێمە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ هەموو بوارەکانی پەیوەست بە ماددەی 140ەوە راسپێردراوین، بەڵگەنامەی مێژوویی، جوگرافی، نەتەوەیی و یاسایی لەبارەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە کۆدەکەینەوە و یەکێک لە کارەکانیش ئەوە دەبێ کە چیدی بۆ ئەو پرسە پشت بە گوتار و بەیاننامە نەبەستین، بەڵکو پشت بە بەڵگەنامە و دانوستاندن ببەستین".
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکرایەوە کە گوایە رێبوار تاڵەبانی بووەتە پارتی، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "پارتیبوون عەیبە نییە، من هەمیشەش گوتوومە و دەیڵێمەوە سوپاسی سەرۆک بارزانی و پارتیم کردووە و دەکەم بۆ ئەو پاڵشتییە بەهێزەی لەمنیان کرد لە پێش و لەکاتی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەڵام من کەسێکی سەربەخۆم و سەر بە هیچ حیزبێک نیم".
 
پێش رووداوەکانی ساڵی 2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بوو، ئەو پۆستەشی لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەرگرتبوو، بەڵام تاڵەبانی دەڵێت: "ئێستا هیچ پەیوەندییەکی حیزبیم بە یەکگرتووەوە نەماوە".