لە 24 کاژێردا نزیکەی 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان

24-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە بەشی زۆری هەرێمی کوردستاندا کاژێرەکانی کارەبا بۆ نزیکەی 10 کاژێر لە شەو و رۆژێکدا کەمبوونەتەوە. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت، زۆریی خواست و کەمیی بەرهەم هۆکارەکەیە. 
 
ساڵانە لە بەشێکی وەرزەکانی هاوین و زستاندا پێدانی کاژێری کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە.
 
غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم هەفتەیە خراپترین رۆژەکانی ئەم وەرزە بووە بۆ پێدانی کارەبا و کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمبوونەتەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی سەرپەرشتی کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکات. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، "لە دوو رۆژی رابردوودا لە تەواوی سنوورەکە کاژێرەکانی کارەبا 10 کاژێر بوون."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کارەبا لە هەولێر بە چەند شێوەیەکە بەگوێرەی گەڕەکەکان. لە هەندێک گەڕەک 9 کاژێر و لە چەند گەڕەکێکیش 10 بۆ 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرپرسانی پارێزگای دهۆک وەریگرتوون، لە سێ رۆژی رابردوودا کارەبای نیشتمانی لە سنووری دهۆک و زاخۆ کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی 10 کاژێر، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو 11 بۆ 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبوو.
 
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە 26-06-2024 بڵاوکراوەتەوە، لەو مانگەدا خواست لەسەر کارەبا 4 هەزار و 800 مێگاوات بووە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنان 3 هەزار و 989 مێگاواتە. 
 
لە هەرێمی کوردستان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن. بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەشی موەلیدە هەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.