وەزارەتی ناوخۆ 10 پاسەوانی ئافرەت بۆ کۆیە دادەمەزرێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، دەرگای دامەزراندنیان بۆ وەرگرتنی 10 ژن بۆ پاسەوانی بەشە نێوخۆییەکانی زانکۆی کۆیە کردووەتەوە. بەرپرسێکی زانکۆکەش دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەشە نێوخۆییەکانی کچان پاسەوانی ژنیان نییە و دامەزراندنەکە گرنگە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، دوای رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 10 پاسەوانی ژن بۆ بەڕێوەبردنی پرسگەی هەردوو بەشە نێوخۆیی کچان لە زانکۆی کۆیە بە گرێبەست دادەمەزرێن.
 
محەممەد سەید گوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە زۆر باشە و لە تەممووزی 2022ەوە داوامان کردووە، چونکە لەو بەشە نێوخۆییانە پاسەوانی ژنمان نییە و ئەوانەشی هەن پیاون و ژمارەشیان کەمە."
 
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هەرکەسێک خواستی دامەزراندنی هەیە دەبێت لە ماوەی هەفتەیەکدا فۆڕم پڕبکاتەوە.