بەرپرسیار؛ وردەکاریی فڕێدانی منداڵێکی تەمەن یەک رۆژ لە زاخۆ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن یەک رۆژ لە گەڕەکی خواکورکی زاخۆ فڕێدەدرێ، لەلایەن دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەوە دەبینرێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ. تەندروستیی زاخۆش دەڵێت "پشکنین بۆ منداڵەکە کراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەین."
 
منداڵەکە کوڕە و کەسوکاری نادیارە. فەلاح حەسەن، دانیشتووی گەڕەکی خواکورکە و شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە، کەڤین حوسێن، پێشکێشی دەکات، گوتی "هاوژینەکەم لە ماڵ چووە دەرەوە بۆ مارکێت، گوێی لە دەنگی گریانی منداڵێک بوو و ترسا، بانگی منی کرد، منداڵەکەم هەڵگرتەوە و بردمە بنکەی پۆلیس، لەوێش گوتیان بیبەنە نەخۆشخانە."
 
 
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، منداڵەکە لەنێو کیسێکی زبڵ فڕێدراوە و لە کاتی دۆزینەوەیدا "لەنێو قاپێکی سەفەری ئاو و شەکر"ـیان لەگەڵ دانابوو. پۆلیسی زاخۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
 
تەندروستیی منداڵەکە جێگیرە و لە نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ لەژێر چاودێریی پزیشکدایە. 
 
 
ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ، لە بەرپرسیار، گوتی "تەندروستیی منداڵەکە زۆرباشە و بە نۆ مانگی لەدایکبووە. تاوەکو دادوەر بڕیار نەدات بۆ گواستنەوەی، هەر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە."
 
هەر منداڵێک فڕێبدرێت بەپێی بڕیاری دادگە رەوانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکرێت، یان دەدرێتە خێزانێک کە لە رێگەی دادگەوە داوای منداڵ دەکەن.

 

 
چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک منداڵی تەمەن یەک رۆژ تاوەکو 5 ساڵی لە خانەیەکی تایبەت وەردەگرێت.
 
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک، لە بەرپرسیار، گوتی "دوای بڕیاری دادگە، لە خانەی بێسەرپەرشتان ئەو منداڵە وەردەگیرێت و هەموو خزمەتگوزارییەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەو خانەیە دابینکراوە."
 
بەپێی یاسا، فڕێدانی منداڵ تاوانە. پارێزەرێک گوتی، پێنەدانی شیر بە منداڵ تاوانە چ جای فڕێدان. عەبدوڵڵا گەڤەرکی، دەڵێ "دایک و باوک بەرپرسن لە تاوانەکە."

 

 
لە تەندروستیی زاخۆ، 16 خێزان ناویان تۆمارکردووە بۆ لەخۆگرتنی ئەو منداڵانەی فڕێدەدرێن یان بێسەرپەرشتن.
 
ئەو منداڵانەی هیچ خێزانێکی جێگرەوەیان نییە، لەلایەن چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە شوێنیان بۆ دابیندەکرێت تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی، دوای ئەو تەمەنە ئەگەر هاوژینییان پێکنەهێنا، لە خانەوە دەگوازرێنەوە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە