ژینگەپارێزێک لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی سنە بریندار بوو و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

ژینگەپارێزێک بە ناوی ئیسماعیل کەریمی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کامێران بریندار ببوو، بەیانیی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 22ی تەممووزی 2024 لە دارستان و لەوەڕگەکانی چەندین گوندی سەر بە شاری کامێرانی سنە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
 
ئاگرەکە لە سنووری گوندەکانی لایان، کانی ئێشە، وەزمانە و مرواری بوو و ژمارەیەک لە تیمەکانی ژینگەپارێز، بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی کامێران و خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە هەوڵی کوژاندنەوەیان دەدا و ئێوارەی رۆژی سێشەممە 23ی تەمموز کوژێندرایەوە.
 
لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا لە سنووری گوندی مرواری، ژێنگەپارێزێک بە ناوی ئیسماعیل کەریمی ئاگر لە جەستەی بەربوو و بە سەختی برینداربوو.
 
هەر هەمان رۆژ ئەو ژینگەپارێزە بە هێلیکۆپتەر گوێزرایەوە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
ئیسماعیل کەریمی تەمەن 39 ساڵ، خەڵکی گوندی نەجەفاوای کامێران بوو لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو هاونیشتمانییە دوو منداڵی هەیە و کارمەندی فەرمانگەی سەرچاوە سرووشتییەکانی شارەکە بوو.
 
بریارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ژینگەپارێز و بەرپرسانی سەرچاوە سرووشتییەکانی کامێران تەرمی ئەو ژینگەپارێزە لە گوندەکەی بە خاک بسپێردرێت.