دەزگای ئاسایشی هەرێم: 11 ئەندامی داعشمان دەستگیر کرد

24-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، 11 ئەندامی داعشیان لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی دەستگیرکردووە "پیلانی تیرۆرکردنی چەندین فەرماندەی ئەمنی و کاری تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە"، سێ لە دەستگیرکراوانیش پلەی ئەمیریان هەبووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-07-2024، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، شکستیان بە پیلانەکانی ئەندامانی داعش هێناوە و ''دوو گرووپ و تاقمی تیرۆریستیمان هەڵوەشاندووەتەوە.''
 
بەگوتەی ئاسایشی سلێمانی، سێ لە دەستگیرکراوەکان لە نێو داعشدا پلەی ئەمیریان هەبووە: ''هەموو ئەو تۆمەتبارانەی گومانلێکراو بوون، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام خرانە ژێر چاودێریی وردەوە و دڵنیابووینەوە لە مەرام و پیلانەکانی تیرۆریستان کە خۆیان ئامادەکردبوو ئارامی هەرێم تێکبدەن''.
 
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ''دوای رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چوار هەڵمەتی سەرکەوتوودا هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش لە رۆژی 03-07-2024ـەوە دواتر بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، سلێمانی (گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی)، گەرمیان و چەمچەماڵ، 11 تیرۆریست دەستگیرکران.''
 
ناوی ئەو چوار دەستگیرکراوەی کە بە ئەمیری داعش ناویان هاتووە، بریتین لە ''دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانیی هەڵەبجە و شارەزوور، ئیکرام خالید ناسراو بە حاجی ئیکرام – ئەمیر و سەرپەرشتیاری ناردنەدەرەوەی تیرۆریستان، شێرکۆ عەبدوڵڵا - ئەمیری ئەمنییە. هەروەها تیرۆریست ئیقبال سەعدی.''
 
دیاری سەعدی لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، ''برادەرێکم بە ناوی محەممەد خواکەرەم هیجرەتی کرد بۆ نێو دەوڵەتی ئیسلامی، دوای ماوەیەک پەیوەندی پێوەکردم، تاوەکو منیش فکری دەوڵەتی ئیسلامیم وەرگرت و پاشان بەیعەتم دا بە محەممەد کە منیش هیجرەت بکەم بۆ نێو دەوڵەتی ئیسلامی.''
 
دیاری سەعدی دەڵێت، چوومە شاری کەرکووکەوە و بەر لەوەی دەەربچم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرام. دوای ئەوەی کە دەستگیرکرام لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی حوکم درام.
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی داعش لە چاکسازیی گەورانی سلێمانیدا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە ئاشنا بووە کە دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی و ئازادبوونی دووبارە دەستی بە بانگەشە بۆ داعش کردووە.
 
دەستیگیرکراوان دوای لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت: ''دوای بەدواداچوونی زیاتر، روونبووەوە تیرۆریستی هەڵهاتوو لە بەریتانیا، بیلال مەحموود ناسراو بە یاخی، پەیوەندی بە گرووپەکەوە هەبووە و ئاراستەی کردوون بۆ بڵاوکردنەوەی فکری دەوڵەتی بەناو ئیسلامی و تووندڕۆیی و تیرۆر.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە