د. رۆژ نووری شاوەیس: سامی عەبدولڕەحمان دەیویست شوێنی مەلا مستەفا بگرێتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن بیرەوەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
د. رۆژ نووری شاوەیس لە بەشێکی دیکەی بیرەوەرییەکانی بە ناونیشانی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم"دا باسی کۆنگرەی نۆی پارتی دەکات، کە دوای کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، لە 04-10-1979 له‌ زێوه‌ی ده‌ڤه‌ری (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌سترا، لە کۆنگرەکەدا به‌ تێكڕای ده‌نگ مەسعود بارزانی به‌ سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.    
 
د. رۆژ نووری شاوەیس، کە ئەوکات قوتابی دکتۆرا بووە لە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرە دەچێتە تاران، د. رۆژ نووری شاوەیس باسی ناسینی فەلەکەدین کاکەیی دەکات و دەڵێت: "یادگارییەکی خۆشە، ئەگەر بڵێم بۆ یەکەمجار فەلەکەدین کاکەییم لە فڕۆکەخانەی تاران بینی، مرۆڤێکی ناسک و ئەدیبێکی هەستبەرز لە تاران هاتبوو بۆ پێشوازیمان، نوێنەری کاک ئیدریس بوو لەگەڵ حکومەتی ئێران هاوئاهەنگیمان بۆ بکات و ئاسانکاریی بۆ هاتنە ژوورەوەی نوێنەرانی کۆنگرەی پارتی لە دوای نسکۆ بکات، کە لە ئەورووپاوە دێن."
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت، کۆنگرەی پارتی لە دوای نسکۆی شۆڕش زۆر بە وریاییەوە بەسترا، چونکە ترسیان هەبوو کە حکومەتی عێراق شوێنی کۆنگرە بۆردوومان بکات، یان خەڵک بنێرێت بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی کۆنگرە.
 
هەروەها باسی نامەیەکی باوکی دەکات کە لە بەریتانیاوە بە د. مەجید جەعفەر بۆ کۆنگرەی ناردبوو، داوای کردبوو دەبێت کۆنگرە ببەسترێت و هەر کێشەیەک هەیە دەبێت چارەسەر بکرێ. ئەویش نامەکەی بردووە بۆ عەلی عەبدوڵڵا.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "کۆمەڵێک هەبوون لە قیادەی موەقەتە نەیاندەویست کۆنگرە بکرێت. دەمێک دەیانگوت ئیدریس نایەوێ مەسعود ببێتە سەرۆک، دەمێکی دیکە دەیانگوت ئیدریس دژی قیادە موەقەتەیە. دەیانویست ئەو دوو برایە لێک جیابکەنەوە."
 
"سامی عەبدولڕەحمان دەیویست جێگەی مەلا مستەفا بگرێتەوە"
 
هەروەها باسی رۆڵی سامی عەبدولڕەحمان لەو ململانێیەدا دەکات و دەڵێت: "کاک سامی ئەوکاتە کە دەزانێت مەلا مستەفا کۆچی دواییکردووە و ئەویش بە بۆچوونی خۆی بە رۆشنبیرتر دادەنا و لە ناوەوە و لە دەرەوە کار دەکات. بیری لەوە کردووەتەوە جێی مەلا مستەفا بگرێتەوە."
 
وەک د. رۆژ نووری شاوەیس ئاماژەی پێدەدات قسەیەکی زۆر  کرا، کە کێ ببێتە سەرۆکی پارتی لە دوای مەلا مستەفا. بۆ ئەم مەبەستە ئەو کادیرانەی لە ئەوروپا هاتبوونەوە چەند کادیرێکیان بە جیا قسەیان لەگەڵ کاک مەسعود و کاک ئیدریس کرد. 
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت: "کاک ئیدریس گوتی لەبارەی سەرۆکەوە ئەوە بڕاوەتەوە کە کاک مەسعود سەرۆکە و منیش برا گەروەیم و لە قسەم دەرناچێت، بەڵام بۆ حیزب ئەو سەرۆکە. لەبارەی قیادە موقەتەشەوە باش و خراپی تێدایە، لەگەڵ باشەکانیاندام، بەڵام یەک مەرجم هەیە، نابێت سامی نە بۆ سکرتێری گشتی و نە بۆ سەرۆک و بۆ هیچ پۆستێکی دیکە کاندید بێ."
 
بە گوتەی د. رۆژ تاقمێک لە کۆنگرە، کە سامی عەبدولڕەحمان پێشەنگایەتی دەکردن، "پیلانیان زۆر بەکاردەهێنا، بۆ نموونە دەیانگوت کاک مەسعود نوێنەرایەتی هێڵی پێشکەوتنخواز دەکات، کاک ئیدریس نوێنەرایەتیی هێڵی دواکەوتوو دەکات، دەیانویست ئەو دوو برایە لە یەک بکەن. "
 
دواتر هەر ئەو کادیرانەی ئەوروپا سەردانی کاک مەسعود دەکەن. د. رۆژ دەڵێت: "بە کاک مەسعودمان گوت ئێمە پێمان پەسەندە تۆ سەرۆکی حیزب بیت و بۆ ئەم قۆناخە وا پێویستە، ئەویش گوتی جا ئێوە ئەوە زوڵم نییە لە منی دەکەن! مەبەستی ئەوە بوو کاتەکە سەختە و ئەرکەکە قورسە، گوتمان ئێمە هەمیشە لەگەڵتدا دەمێنینەوە و پشتیوانت دەبین."
 
مەرجەکەی قیادە موەقەتە
 
بە گوتەی د. رۆژ بەهۆی ئەو کێشمەکێشمەیەوە، کۆنگرە سێ مانگی خایاند. دیسانەوە کۆنگرە بگرین و نەگرین دەستیپێکردەوە، ئەوکاتە جەوهەر نامیق سالم و ئازاد خەفافیش هاتن، کە نزیکی سامی عەبدولڕەحمان بوون، کۆمەڵێکی قیادە موەقەتەی ئەوانەی نزیکی بوون هەڵبژاردبوو و زۆر جوانیش فێری کردبوون، هەندێکجار قسەی خراپیشیان دەکرد. دیسان پشتیان بە زەوی دا و گوتیان کۆنگرە نابەستین.
 
دواجار کۆنگرە لە قوتابخانەیەک بەسترا، جەماعەتی قیادەی موەقەتە، ئەوانەی نزیکبوون لە سامی عەبدولڕەحمان، بڕیاریان دا خۆیان هەڵنەبژێرن، بەڵام مەرجیشیان ئەوە بووە کە فرەنسۆ هەریری دەرنەچێت بۆ سەرکردایەتی.
 
د. رۆژ دەڵێت: "دەنگدرا و سەرکردایەتییەکی نوێ پێکهێندرا، فەرەنسۆ دەرنەچوو، بە یەدەگێکی دوور دەرچوو، ئەمەش یەکێک بوو لە داخوازییەکانی ئەوان. بەڵام چوون چیانکرد، سڵەی قەساب هەبوو (کە خۆی ناوی سلێمان بوو، گۆشتفرۆش بوو- وابزانم ئێستاش لە سەرکردایەتیی یەکێک لە حیزبەکانە)، کوڕێکی قسە خۆش و عەنتیکەیە، هاتن و هەر هەموویان دەنگیان بەو دا، هەر بۆ ئەوەی لە کۆنگرەکە وا دەرخەن کە کۆنگرە کەسی دەستنەکەوتووە، هەرچەند سڵە پێشمەرگەیەکی دڵسۆز بوو بە مەلایی ناوبانگی دەرکردبوو، بەڵام ئەوان مەبەستیان لە دەنگەی بە (سڵە)یان دا روون بوو بۆ چییە!".
 
دوای هەڵبژاردنی سەرکردایەتی،  مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، کە پێکهاتبوون لە عەلی عەبدوڵڵا، نووری شاوەیس، ئیدریس بارزانی، فەلەکەدین کاکەیی، محەممەد ساڵح جومعە، فازڵ میرانی، رەئیس عەبدوڵڵا و ئازاد بەرواری.
 
هەروەها گفتوگۆ لەسەر ناوی سکرتێری گشتی کرا، کە عەلی عەبدوڵڵا بێت یان نووری شاوەیس. عەلی عەبدوڵڵا پێشنیاز دەکات نووری شاوەیس ببێتە سکرتێر، کە ئەوکات لە دەرەوە بوو، بەڵام کاتێک پەیوەندی پێوە دەکەن، دەڵێت بارودۆخەکەی بەو جۆرە نییە کە بەردەوام هاتووچۆ بکات، بۆیە عەلی عەبدوڵڵا پێشنیاز دەکات.
 
د. رۆژ دەڵێت: "من خۆم کاندید نەکرد بۆ مەکتەبی سیاسی لەبەر ئەوەی دوا ساڵی خوێندنی دکتۆرام بوو، بەڵام کاک مەسعود قسەی لەگەڵ کردم و داوای لێکردم، ئێمەش بەڵێنمان دابوو چی بووێ وا بکەین، بۆیە خۆم کاندید کرد، بەڵام هەندێک لە برادەران پێیان باش نەبوو باوک و کوڕ پێکەوە لە مەکتەبی سیاسی بن، پاشان زوو چوومەوە مەکتەبی سیاسی."
 
ئەو سکاڵایەی زۆر کاری لە د. رۆژ کرد
 
د. رۆژ لە بەشێکی یادەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە سکاڵایەکی زۆر هەبوو لەسەر رەفتاری تاکەکەسی هەندێک کەس، سیخوڕی بۆ ساواک و زۆر سکاڵای دیکە، بەڵام یەکێک لە سکاڵاکان زۆر کاری تێکردووە.
 
د. رۆژ دەڵێت: "سکاڵا لەسەر هەندێک لە برادەرانی قیادە موەقەتە هەبوو، یەکێک لەوانەی کاری تێکردم سکاڵایەک بوو لەسەر برادەرێکی قیادە موەقەتە، منداڵێکی 10 -11 ساڵانیان گوللەبارانکردبوو، گوایە سیخوڕە و منداڵەکە دانی بەوەدا ناوە. لە هیچ یاسایەکدا نەبووە منداڵی ئەو تەمەنە گوللەباران بکرێ. دانپێدانان چۆن بە منداڵ دەکرێ. تەنانەت سەددام کە منداڵانی ئەو تەمەنەی لە سێدارە دەدا، تەمەنی زیاد دەکرد، هەر لەسەر ئەوە ئەو برادەرە ئەوەی لێم گرتە دڵ و لە دڵی هەر دەرنەدەچوو."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە