یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر: 10 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراون بە دادگە

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون پابەندی ئەو نرخە نابن کە بۆیان دیاری دەکەین یان خزمەتگوزاری پێویست پێشکێش ناکەن، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەیان و سزادانیان بە پێبژاردن دەدرێنە دادگە. بۆ نموونە، 10 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراون بە دادگە، بەڵام دادگە دانیشتنەکانیان دوادەخات."
 
رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو لیژنەمان لە پارێزگای هەولێر هەیە کە یەکێکیان 10 ئەندامی هەیە و هەر ئەندامێک بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتییەکە و سەردانی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکات و نرخێکی دیاریکراو بۆ کرێی خزمەتگوزارییەکانیان دیاری دەکات، ئەوەش بەگوێرەی یەکەکان دەگۆڕدرێت. لیژنەی دووەم چاودێریی ئەو نرخانە دەکات کە لیژنەی یەکەم دایناوە بۆ ئەوەی بزانین یەکەکان تاچەند پابەندی ئەو نرخە دەبن کە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت."
 
بەگوتەی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، بەشێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون پابەندی ئەو نرخە نابن بۆیان دیاری دەکرێت و دەڵێت، "ئەو یەکانەی کێشەیان هەیە، کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەوانەی سوورن لەسەر پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، دەدرێنە دادگە."
 
لە پارێزگای هەولێر دوو جۆر سزا بۆ ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون دیاریکراون، کە پابەندی ئەو نرخە نابن بۆیان دیاری دەکرێت و خزمەتگوزارییان باش نییە. ئەکرەم ئەحمەد لەبارەی سزاکانەوە دەڵێت، "سەرەتا ئاگاداریان دەکەینەوە، دواتر بە پێبژاردن سزادەدرێن کە تا ئێستا زۆرترین سزا تەنیا پێنج ملیۆن دینار بووە، دوای ئەوە ئەگەر پابەند نەبن، دەدرێن بە دادگە."
 
ئەکرەم ئەحمەد دەڵێت، شوێنی نیشتەجێبوون هەیە تەنیا پارەی ئاو وەردەگرێت ئەویش 10 هەزار دینارە، شوێنی دیکەش هەیە کە پارێزگا بۆ کرێی خزمەتگوزاری 370 هەزار دیناری بۆ دیاریکردووە، بەڵام ئەوان 25٪ زیاتر لەو نرخە لە هاووڵاتییان وەردەگرن.
 
شەوی شەممە 22ـی تەممووز، بەشێکی دانیشتووانی یەکەی نیشتەجێبوونی نیو ئیسکان لەبەر خراپیی خزمەتگوزارییەکان گردبوونەوە و داوایان کرد گرفتەکانیان چارەسەر بکرێت. لەوبارەوە یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "ئەو یەکەی نیشتەجێبوونە موەلیدەکەی کۆن و خراپ بوو، بەڵام موەلیدەی نوێمان پێ کڕین و کێشەکە چارەسەر بووە، ئەوە جگە لەوەی دوو پڕۆژەی ئیسکان هەن هەردووکیان بە 10 ملیۆن دینار سزادراون."