تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەم هاوینە 11 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، لە هاوینی ئەمساڵدا 54 هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون، هەروەها 11 هاونیشتمانی بە تاوانی "کوشتنی بەئەنقەست و قاچاخیکردن بە مادەی هۆشبەر" لەسێدارە دراون. 
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، راپۆرتی یەکەم مانگی هاوینی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هاوینە 54 هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام، ورمێ و لوڕستان و شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و 15 هاونیشتمانییش سزایان بەسەردا سەپێنراوە. 
 
تۆڕەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا 11 هاونیشتمانی لە زیندانەکانی کەرەج، کرماشان، ورمێ، نەغەدە و هەمەدان بە "تاوانی کوشتنی بەئەنقەست." و، "قاچاخی مادە هۆشبەرەکان." لەسێدارەدراون.
 
هەروەها لەو یەک مانگەدا دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی موسا ئیسماعیلی و پەیمان گەڵوانی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری ورمێدا گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، 8 کۆڵبەر لە ئەنجامی تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە لە پارێزگای کرماشان و بانە لە پارێزگای سنە بریندار بوون؛ هەروەها کۆڵبەرێکیش لە سنووری بانە کوژراوە.
 
هەر لەو مانگەدا 6 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 2 ژنیش بەهۆکاری پەیوەندیدار بە "نامووس"ـەوە بە دەستی کەسوکاریان کوژراون.