رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی پێگەی وێبۆمێتریكس، تایبەت بە ریزبەندی رانكینگی زانكۆكان لە بارەی روونی سكۆلەر و سایتەشنەكانی، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەكەمدایە. زانکۆی سەلاحەدین پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و زانکۆی دهۆکیش لە پلەی سێیەمدایە.
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2032، زانکۆی سلێمانی بە پشتبەستن بە داتای پێگەی وێبۆمێتریکس، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
ریزبەندیی (Transparent Ranking)، بە پێی ژمارەی سایتەیشنی پرۆفایلەکانی گووگڵ سکۆلەری ستافی زانکۆکان ئەنجام دەدرێت، هەر بەپێی نوێترین راپۆرتی پێگەی وێبۆمێتریكس، كە لە مانگی 7ی 2023 دا راگەیێندراوە لە بارەی روونی سكۆلەر و سایتەشنەكانی زانكۆكان، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەكەمدایە.
لە نوێترین بڵاوکردنەوەی ریزبەندی (Transparent Ranking)دا پرۆفایلی گووگڵ سکۆلەری ستافی زانکۆکان هەڵبژاردنیان بۆ کراوە، بەجۆرێک کە تێیدا 310 پرۆفایل وەردەگیرێت و لەو رێژەیەش 20 کەسی یەکەم لە پرۆسەکە دووردەخرێنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە، پێویستە ژمارەی هەریەک لە پڕۆفایلەکانیان لە سەروو هەزار سایتەیشن بێت، دواتر دەچێتە ریزبەندیی وێبسایتی وێبۆمێتریکس.
زانکۆی سلێمانی، یەکێکە لەو زانکۆیانەی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی توێژەرەکانی لە گووگڵ سکۆلەر، کە بەهۆیەوە زۆرترین سایتەیشن بۆ توێژینەوەکانی کراوە؛ توانیویەتی 60 هەزار و 860 سایتەیشن لە ریزبەندییەکەدا بەدەستبهێنێت.
زانکۆی سلێمانی دەشڵێت، ئەمەش وای کردووە زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک) لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و لەسەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی عێراق پلەی چوارەم بەدەستبهێنێت.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی سوپاسی هەوڵی مامۆستایان و ستافی ئەکادیمی زانکۆ دەکات کە "بە هەوڵی ئەوان (زانکۆی دایک) بەردەوام لە پێشەنگی زانکۆکاندایە و بە هیمەتی هەمووان بەردەوام دەبێت لە زیاتر بەرەوپێشچوون و پێشەنگ بوون."
بەگوێرەی ریزبەندیی وێبۆمێتریکس، زانکۆی سەلاحەدین بە 43 هەزار و 749 سایتەیشن لە پلەی دووەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا دێت و زانکۆی دهۆکیش بە 33 هەزار و 169 سایتەیشن لە پلەی سێیەمدا دێت.
لە ریزبەندیی زانکۆ ناحکومییەکانیشدا، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی بە 17 هەزار و 620 سایتەشن پلەی یەکەمی گرتووە. زانکۆی جیهان لە هەولێر بە چوار هەزار و 929 سایتەیشن پلەی دووەم و زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆژیا بە سێ هەزار و 884 سایتەیشن پلەی سێیەمی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ