وەزارەتی ناوخۆ: بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک لە خۆمانەوە دەستپێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بهڕێوهبهری گشتیی دیوان له وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، ماوەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت کۆتاییهاتووە و لەمەودوا هەر کەسێک چەک یان پارچە چەکێکی پێبێت، سزای یاسایی دەدرێت و گوتیشی "بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک لە خۆمانەوە دەستپێدەکەین".
ئەمڕۆ دووشەممە، 24-07-2023 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان (پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش) لەبارەی چەکی بێمۆڵەت کۆبووەوە. هێمن میرانی، بهڕێوهبهری گشتیی دیوان له وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک-ژمارەی دووی ساڵی 2022بوو، ئێستا ماوەی تۆمارکردنی چەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە تێپەڕیوە و ئەو قۆناخە کۆتاییهاتووە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی یاساکەداین.
هێمن میرانی گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە دامەزراوە ئەمنیەکانەوە دەستپێدەکەین، کاروبارەکانیان رێکدەخەین، کاتێک لە ئەرک دەگەڕێنەوە چۆن خۆیان بە مەفرەزەکان بناسێنن و هەڵگرتنی چەک رێکبخرێت و چیدی کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لەدوای دەوام، چەک هەڵنەگرن و لە جبەخانەکان جێیبهێڵن. لەو شوێنانەشی کە جبەخانە دروستنەکراوە، دەبێ بە پسوولەی تایبەت بگەڕێنەوە و بە ناسنامە خۆیان بناسێنن. هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لێبگیرێت، بەپێی مادەی 15 لە یاسای چەک، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
لە یاسای ژمارە دووی چەک لە ساڵی 2022دا هاتووە:
یەکەم: هەرکەسێک چەک یان پارچەیەک چەکی لەدەست بگیرێت، لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت، هەروەها دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار سزای مادی دەدرێت.
دووەم: هەرکەسێک بە چەکی مۆڵەتداریش بەشداریی لە خۆپێشانداندا بکات، جگە لە سزای دارایی، بەندکردنیشی لە سێ ساڵ کەمتر نییە. ئەگەر بە چەکی بێمۆڵەت بەشداریی بکات، بەندکردنەکەی لە حەوت ساڵ کەمتر نابێت.
بەڵام لە مادەی 12ی یاسای چەک، مۆڵەت بە هاونیشتمانییان دراوە، تاوەکو دوو مانگی دیکەش ئەگەر چەکیان هەیە، بچن داوای مۆڵەتی دەستداریی چەک بکەن لە نزیکترن بنکە بکەن یاخود خۆیان بناسێنن.
بهڕێوهبهری گشتیی دیوان له وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان دەڵێت، چەکی ئاگرین، دەمانچە و کڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی دەگرێتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، پار زیاتر لە 17 هەزار چەک تۆمارکراون، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە، پسوولەیەکیان وەرگرتووە، بەڵام مافی هێنانەدەرەوەی چەکەکانیان نییە. بەڵام ئەگەر مۆڵەت وەربگرێت، ئەوکات لەلایەن حکومەتەوە بە فەرمی چەکەکەی دەناسێنرێت، هەروەها ئەوانەشی پسوولەیان هەیە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی چەک، دەبێ بەو پسوولە کڕین و فرۆشتن بکەن. هێمن میرانی دەڵێت: "رێنمایی پێویست بۆ پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش دەنێردرێت، بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی پاسەوانەکانیان."