رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق چوونە سەر زەویی جووتیارێکی کورد لە سنووری سەرگەڕان، جیا لەوەی کارکردنیان پێی راگرتووە، کەرەستە و بۆریی سیستمی ئاودانیشیان شکاندووە.
تەڵعەت کانەبی، ئەو جووتیارە کوردەی گوندی شەناغەی سەرگەڕان دەڵێت، ئەو شیناییەی چاندوویەتی بۆ مەڕ و ماڵاتەکەیەتی، بەڵام ئەفسەر و سەربازەکان بەبێ ئەوەی گوێی پێبدەن، دوای زیانگەیاندن بە کەلوپەلەکانی، دەستگیریان کردووە و بردوویانە بۆ بنکەی پۆلیس. ئەو جووتیارە کوردە بە رووداوی راگەیاند، "شکاندیان و بە لەقە بە ناوی کەوتن، دەمگوت مەیشکێنن، هەر گوێیان نەگرت."
لەماوەی تەنیا یەک هەفتەدا سوپا 10 جووتیاری بە بیانووی کارکردن و ئاودان دەستگیر کردووە. محەممەد ئیسماعیل کە نوێنەری جووتیارانە لە سنورەکە، ئەو نووسراوەی وەزیری بەرگری گەیاندووەتە هێزەکان کە رێگری لە کارکردنیان نەکەن، کەچی گوێی پێنادەن و بە جووتیارانیان گوتووە هەموو چالاکییەکی کشتوکاڵییان لێ قەدەخەیە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی کورد بە رووداوی گوت، "هەندێکیان لەسەر ئاودان دەستگیر دەکرێن، هەندێکیان لەسەر مەڕ ئاودانە، هەندێکی دیکە لەسەر ئەوەیە مەڕەکەی دەردەکات، هەندێکی لەسەر ئەوە دەگیرێت تراکتۆر دەردەکات. سوپا پابەند نییە بە بڕیاری وەزیریشەوە، ئێمە دەستگیر دەکەن و دەمانبەنە بنکەی پۆلیس، راستەوخۆ دادوەر ئازادمان دەکات."
ئەو بەسەربازگەکردنەی سوپا لەو ناوچەیە، ئامانجی سەرەکی لێی، رێگریکردنە لە کاری کشتوکاڵیی جووتیاران. لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بۆ کاراکردنەوەی مادەی 140 پێکهێندراوە و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، ئەرکی سەرەکییان کۆتایی هێنانە بەو دەستدرێژییانەی سەر جووتیارانی کورد و تورکمان.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو هێزە ئەمنییانە دیارە بێلایەن نین، وەکو پێویست ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن. وەکو لیژنەی ماددەی 140 کە تازە پێکهێندراوە لە پەرلەمانی عێراق، یەکەم دانیشتنمان ئەنجامدا، بە باوەڕی من ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە ئەوەیە ئەو دەستدرێژییانە رابگرێت."
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک رایدەگەیێنێت، بڕیاری رێگری لە کارکردنی جووتیاران لای ئەوانەوە دەرنەچووە و پەیوەست نییە بە کاری ئیداریی ئەوانەوە.
سوپای عێراق جگە لە رێگری لە کارکردنی جووتیاران، هەر کاتێک جووتیارێک دەستگیر دەکەن و رادەستی پۆلیس و دادگەی دەکەن، دادوەرەکانیش بەبێ مەرج و لێکۆڵینەوە بڕیاری ئازادکردنی جووتیارەکان دەدەن و دەڵێن، دەستگیرکردنی لەو جۆرە یاسایی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ