گوتەبێژی حکومەت: کاری وەزیر نییە قسە لەسەر بڕیاری دادگە بکات

24-07-2023
هیدایەت جان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ   
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کەیسی شێروان شێروانی بە "سیاسی" کراوە بۆ لێدان لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. لەبارەی هەڵوێستی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەرامبەر سەپاندنی چوار ساڵ زیندانی بەسەر شێروان شێروانیش دەڵێت، "پێموایە ئەوە کاری وەزیر نییە قسە لەسەر بڕیاری دادگە بکات." 
 
رۆژی دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە ئاکرێ کارنامەی چوار ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو. 
 
مووچەی فەرمانبەران
 
سەرەڕای پەسندکردنی بودجەی 2023ـی عێراق، بەڵام بەغدا تائێستا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و وەزارەتی داراییش رایگەیاندووە کە بە داهاتی ناوخۆ توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیان نییە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، تائێستا بەغدا بە فەرمی نەیگوتووە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
 
پێشەوا هەورامانی رایگەیاند، "ئەگەر بەرپرسانی عێراق هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە بەشێک لە عێراق دەزانن، دەبێت چۆن مووچەی هاووڵاتییەک لە عێراق دەدرێت، بەو شێوەیەش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بدرێت." 
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشتر حکومەت لەم بابەتە بە تاوانبار دادەنرا بەوەی کە هەنگاو نانێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و دۆسیەی نەوت وایکردووە عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان نەدات. ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی بەرامبەر حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و یەک داواکاریش نەماوە کە جێبەجێ نەکرێت، بۆیە چاوەڕێی ئەوەین حکومەتی عێراق مافی خەڵکی کوردستان بدات کە مافی دەستووری و یاسایی خۆیانە." 
 
لەبارەی هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە، کە تاوەکو ئێستاش سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندە پێوەی و چاوەڕێدەکەین لەم چەند رۆژەی داهاتوودا پرسی مووچەی فەرمانبەران یەکلا ببێتەوە." 
 
کەیسی شێروان شێروانی
 
لەبارەی هەڵوێستی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەرامبەر سەپاندنی چوار ساڵ زیندانی بەسەر شێروان شێروانی کە گوتی بەهۆی بڕیارەکەوە تووشی شۆک بووین، پێشەوا هەورامانی دەڵێت: "پێموایە ئەوە کاری وەزیر نییە قسە لەسەر بڕیاری دادگە بکات."
 
رۆژی یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بوولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو 'سەرسوڕمان'ـی خۆی بە بڕیاری سزادانی سێروان شیروانی راگەیاند و گوتی: "پێشتر قسەمان لەگەڵ چەند کەسی یاسایی و شارەزا کردبوو و پێیانگوتبووین لەم کەیسەدا هیچ سزایەک شێروان ناگرێتەوە، چونکە لەنێو چاکسازیدا ئاساییە کە یەکێک لەجیاتی چەند کەسی دیکە پەنجەمۆر یان واژوو بکات." 
 
پێشەوا هەورامانی گوتی، "پێموایە کاری من نییە لەجیاتی دادگە قسە بکەم و بریار بدەم، ئەگەر کەسێک کێشەیەکی لە دادگە هەبێت، دەبێت لەوێ چارەسەر بکرێت و پێموایە کاری وەزیریش نییە قسە لەسەر بڕیاری دادگە بکات." 
 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، کەیسی شێروان شێروانی "کراوەتە کەیسێکی سیاسی بۆ لێدان لە حکومەت و دروستکردنی نیشانەی پرسیار لەسەر دادگەکانی هەرێمی کوردستان". گوتیشی: "ناکرێ کەسێک هەموو کارێکی خراپ بەرامبەر بە هاووڵاتییان و خاک و وڵاتەکەی بکات، بەڵام ئەگەر بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بڵێن ئەمە پێشێلکردنی ئازادییە و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادە." 
 
گوتەبێژی حکومەت سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کەیسی گیراوانی بادینان بێبەری دەکات و دەشڵێت، "لەوانەیە پێشتر ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کەیسەدا هاتبێت، کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نییە، بەڵام هەندێک لایەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی سەرۆکوەزیران ببنەوە، هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر و پڕوپاگەندە و دروستکردنی ئەم جۆرە تۆمەتانەش یەکێکە لەم رێگەیانە." 
 
شێروان شێروانی بە تۆمەتی ساختەکردنی پەنجەمۆر لەنێو چاکسازیدا لەلایەن دادگەوە چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو کەسانەی شێروان پەنجەمۆری بۆ کردوون هیچ داوایەکیان لەسەر تۆمار نەکردووە و خۆشیان قسەیان لەسەر ئەوە کرد، کە رێککەوتنیان هەبووە، ئەگەر بابەتێک پەیوەندی بە هەموویانەوە هەبوو، ئاساییە شێروان لەجیاتی ئەوانیش پەنجەمۆر بکات." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."