کوردستان
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە خۆپیشاندانێکدا لە یادی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، لە شاری لۆزان
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری لۆزانی سویسرا و لەو شوێنەی پێش 100 ساڵ پەیماننامەی لۆزانی تێدا واژۆکرا، راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی رەتکردنەوەی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتووە "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەدیهێنانی مافی چارەنووس، پشتیوانیی کورد بکات."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-07-2023)، 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت و لە دوو رۆژی رابردوویشدا 75 پارت و لایەنی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بە بەشداریی رۆشنبیران، سیاسەتڤانان و دیپلۆماتان کۆنفرانسی رەتکردنەوەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆش راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسی لۆزان بڵاوکرایەوە، کە جەخت لە کۆمەڵێک خاڵ دەکاتەوە.
دەقی داواکارییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
- پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.
- لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت. ئەو کۆمیسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروستبکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و رێگەی ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ.
- کورد، ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.
- ھەوڵبدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە (عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا) ببنە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەپێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانیی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی ئەم ئەنجامنامە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا.
- لەماوەی 100 ساڵی لۆزاندا، چەندین پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان کراون؛ پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە، دڵنیاییش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر گەلی کوردستان، بە پشتبەستن بە یاسای قەدەخەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵەتی.
- رێگریکردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بە گەلی کوردستان بەگشتی و لە رۆژئاوا و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ لەگەڵیدا ھێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لەنێوان تورکیا و رۆژئاوای کوردستان جێگیربکرێت لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایلۆگەوە، داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە) و گیراوانی دیکەی سیاسی، ئازاد بکرێن.
لە ئاستی نێوخۆی کوردستان
- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییە کەسی و سیاسییەکان.
- وەلانانی ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.
- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی رۆژاڤا.
- پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاڤا بۆ هاوئاهەنگی و ھاوکاری لە بواری سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی.
راپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان
- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژ و پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.
- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان.
- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لەپێناو برەودانی زیاتر بەو خەباتە نموونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.
لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە
- پارچەکانی کوردستان لەناو سنووری دەوڵەتی سووریا و تورکیا بە فەرمی بناسرێن بەو دیفاکتۆییەی خۆیان دەیخوازن.
- ئەو دیفاکتۆ خۆبەڕێوبەرییەی کوردستان لەناو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتووەکاندا، دانی پێدابنرێت و بەفەرمی بناسرێت.
- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە بە ھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەکدەنگی لە ئاستی باڵادا پێکبھێنرێت،شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان تەنیا بە رێککەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.
- داخوازییەکی جیدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بەو بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمایەتییەکانی ناموسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردە جێبەجێ بکرێت.
- ئێزدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری ناموسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ رۆم، ئەرمەنی، سریانی و کلدانی قبووڵکراوە، بۆ کوردانی ئێزدی و یارسانەکان پەسند بکرێت.
- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ھەریەک نووسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بکرێتەوە.
- ئۆرگانێکی راوێژکاری و رێنیشاندەر لەنێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت، لەپێناو ھۆشیاری و بەرچاوڕوونی و پلاندانانی ھاوبەش.
- داواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق و رۆژئاوای کوردستان، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرامبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی، کولتووری، ئابووری کۆمەڵایەتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن، بە پشتبەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە بەفەرمی ناسینی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان.
- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی دیکەی سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.
- بە پێی مادەی 140ـی دەستووری ھەمیشەیی عیراق، چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ