رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دادگای تەمیز رایدەگەیێنێت، بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی بۆ درێژکردنەوەی خانەنشینی دادوەران نایاساییە و داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
حاکم رزگار حەمەئەمین، ئەندامی دادگای تەمیز، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی بۆ درێژکردنەوەی خانەنشینی دادوەران نایاساییە و دەڵێت: "بەپێی یاسا دادوەران لە هەرێمی کوردستان لە تەمەنی 65 ساڵی خانەنشین دەکرێن، بۆیە ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی دادوەری کە بۆ پێنج دادوەری باڵای ئەنجوومەنەکە دەریکردووە بە درێژکرنەوەی تەمەنی خانەنشینییەکەیان بۆ ماوەی ساڵێک تەواو نایاساییە و پێویستە هەر خۆیان هەڵیبوەشێننەوە، چونکە هەر ئەنجوومەنی دادوەریی لە ساڵی 2018 درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینکردنی دادوەرانی وەستاندووە".
دەشڵێت:"ئەنجوومەنی دادوەری بۆ بڕیارەکەی پشتی بە هەندێ یاسای خانەنشینی بەغدا بەستووە، لەکاتێکدا یاسای خانەنشینی بەغدا، لە هەرێمی کوردستان بەرکارنییە".
دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەری بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ پێنج دادوەر بۆ ماوەی ساڵێک، هەریەکە لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و یەکێتی دادوەرانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، بڕیارەکە نایاساییە و دەبێ هەڵبوەشێدرێتەوە، وەزارەتی دارایش بێئاگایی خۆی لە بڕیارەکە نیشانداو رایگەیاند، ئەوان پابەندی بڕیاری نایاسایی نابن.
رزگار حەمەئەمین گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان دەتوانن ببنە چاودێر بەسەر ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئەو ماددانەی ئەنجوومەنی دادوەریی لە بڕیارەکەی ئاماژەی پێکردووە پەیوەندی بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیەوە نییە".
زۆرجار رەخنە لە دامەزراوەکانی دادوەریی دەگیرێت و تۆمەتبار دەکرێن بەوەی حیزب دەست لەکاروبارەکانی وەردەدات و کەسەکان بۆ پۆستە باڵاکان دەستنیشان دەکات، رزگار حەمەئەمین، ئەندامی دادگای تەمیز دەڵێت: "پۆستە باڵاکانی دادگاکان لەلایەن حیزبەکانەوە دیاریدەکرێن و ئەنجوومەنی دادوەریی دەڵێن هەندێجار حیزبەکان فەرمانمان بەسەردەکەن و پۆستەکان یەکلادەکەنەوە".
دەشڵێت: "زۆر کەس هەبوون بەگوێرەی یاسا و شارەزاییان دەبوایە پۆستی باڵایان پێبدرێت، بەڵام پێیانگوتراوە کێشەی سیاسیتان هەیە بۆیە پۆستیان پێنەدراوە".
رزگار حەمەئەمین داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەدوای کەسانی بلیمەت و رابردوو پاکدا بگەڕێ و لەگەڵیان کۆببێتەوەو دۆخی دادوەرییان لەگەڵ باسبکات و ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی دادوەرییەوە دەردەچن نایاسایین رەتبکرێنەوە و رێگەنەدات فەرمانی نایاسایی جێبەجێبکرێت، "چونکە بەجێبەجێکردنیان دۆخی دادوەری خراپ دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ