بێگەرد تاڵەبانی هەفتانە رۆژێک بۆ دیداری هاونیشتمانییان تەرخان دەکات

رووداو - هەولێر 

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تەنیا 14 رۆژە سوێندی یاسایی خواردووە، لە ئێستاشەوە هەنگاودەنێت بەرەو چاکسازی و بەدەمەوەهاتنی هاونیشتمانییان، بەجۆرێک بڕیاریدا لەمەودوا هەفتانە رۆژێک تەرخان بکات بۆ دیداری ئەو هاونیشتمانییانەی مامەڵەیان لە وەزارەتەکەیدا هەیە بۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-7-2019) ئەنجوومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەوە و بڕیاردرا بێگەرد تاڵەبانی هەموو رۆژانی سێشەممەیەک تەرخان بکات بۆ ئەوەی لە دیوانی وەزارەت چاوی بەو هاونیشتمانییانە بکەوێت، کە مامەڵەیەیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت هەیە.

بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی هۆکاری خۆتەرخانکردنی لە رۆژانی سێشەممە بۆ دیداری هاونیشتمانییان لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرین و بە خێراترین کات لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا مامەڵە و داواکارییەکان جێبەجێبکەین، هەروەها وەڵامی داواکانیان بدەینەوە. لەم چوارچێوەیەشدا لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی ئەرکی بەدواداچوون و یەکلاییکردنەوەکانی مامەڵەکان لە ئەستۆبگرێت".

بێگەرد تاڵەبانی لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا وەكو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، میوانی رەنج سەنگاوی بوو  لە بەرنامەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ رەنج. لەو بەرنامەیە کە بە ناونیشانی "بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكان" بوو، گوێی لە سەرنج ‌و تێبنییەكانی جووتیاران گرت، تاوەكو كۆتایی بەرنامەكەش تێبینییەكانی نووسینەوە. لە كۆتایی بەرنامەكەدا گوتی "بەڵێن بێت، وەزیری پشتی مێز نەبم، مەیدانییانە كارەكان بكەم".