کۆمیسیۆن بۆ رووداو: ناتوانین لە 5ـی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین

24-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لە 5ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە 350 هەزار کەس کە پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە، زیاتر لە 137 هەزاریان سەردانی کۆمیسیۆنیان کردووە. 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 24-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کۆمیسیۆن پێشنیازی رۆژی 5ـی مانگی 9ـی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. تاوەکو ئێستا چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان (بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن) دەکەین." 
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 5ـی ئەیلوول ئەستەمە و ناتوانین لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەین. ئەو وادەیە مانگێک لەمەوبەر دیاریکرا. کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن کارەکانی دیاری دەکات. هەر رۆژێک دواکەوتن کاریگەری دەکاتە سەر کارەکانی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان." 
 
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد "چاوەڕێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین مەرسووم بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن دەربکات". 
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ دوایین وادەی تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانی و بەربژێرانی تاک و سەربەخۆیە بەتایبەتی بەربژێرانی تورکمان و کریستیان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا سێ پارتی نوێ و 47 بەربژێری سەربەخۆی سێ بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر، سلێمانی و دهۆک خواستی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەربڕیوە. 
 
لەبارەی کاری کۆمیسیۆنەکە، جومانە غەلای رایگەیاند، ئەم کۆمیسیۆنە پابەندە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ گوتیشی، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی، پێویستیان بە مانگێکە بۆ وەرگرتنی تانەکان و یەکلاییکردنەوەیان و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن.
کاری کۆمیسیۆنەکە لە 06-01-2025 تەواو دەبێ.
 
سەبارەت بەو کەسانەی پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە کە چارەسەرکردنی یەکێک بوو لە داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، جومانە غەلای گوتی "زیاتر لە 350 هەزار کەس پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە؛ کۆمیسیۆن بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوەکردن بۆ ئەوەی سەردانی نزیکترین ناوەندی کۆمیسیۆن بکەن. ئەوانەی سەردانیان کردووە زیاتر لە 137 هەزار کەس بوون." 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".