رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی ئامەد 16 کەسی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر لقەکانی ستاربەکس و بێرگەر کینگ دەستگیرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە رۆژی دووشەممە، 24-6-2024، بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئاسایش 16 لەو هێرشکارانەیان دەستگیرکردووە کە بەسەر لقەکانی ستاربەکس و بێرگەر کینگیان داداوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا هاتووە: "رۆژی 22ی حوزەیرانی 2024 گرووپێکی 16 کەسی لە ناوچەکانی سووڕ و کایاپناری دیاربەکر هێرشیانکردە سەر دوو شوێنکار. ئەو کەسانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و بریارە رەوانەی داواکاری گشتیی دیاربەکر بکرێن".
شەوی شەممە دەوروبەری کاژێر 10:00 گرووپێک گەنج لە ئامەد بە گوتنەوەی (جەنگ، جیهاد، شەهادەت) و (تەکبیر، ئەڵڵاهو ئەکبەر) هێرشیان کردە سەر ستاربەکس و بێرگەر کینگ.
ئەو گرووپە دەڵێن، ستارباکس و بێرگەر کینگ پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن.
لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت؛ ئەو گرووپە گەنجە بە یەکەوە و بە گوتنەوەی درووشم هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانە. ئەو کەسانەی لەوێن کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن، دەترسن و هەوڵی راکردن دەدەن. هەروەها دەنگی منداڵ دەبیسترێت کە هاوار بۆ دایکی دەکات.
لەکاتێکدا گومانەکان لەسەر پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)ـن، ئەو پارتە کوردستانییە ئێوارەی یەکشەممە راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە کە ئەو هێرشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ