لویس ساکۆ سوپاسى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان، سوپاسی بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ پێشوازیکردن لێى لە کاتى "قەیرانى" کشانەوەى مەرسوومى کۆمارى پۆستەکەى و دەڵێت، "هەڵوێستەکانیان بەرز دەنرخێنم لە پاڵپشتیکردنى حەق و رێڕەوى دروست بۆ مامەڵەکردن".
لویس ساکۆ، بەبۆنەى گەڕاندنەوەى بۆ پۆستەکەى، سوپاسی بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەکات و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دەمەوێت سوپاس و پێزانین پێشکێش بە سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان بکەم بە تایبەت سەرۆک مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێیانکردم بە هۆى قەیرانى کشانەوەى مەرسوومى کۆمارى".
5ـی تەممووز، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا کاردیناڵ پاتریارک لویس ساکۆ، بکرێتە پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان، لە دواى ئەوە لە 3ـی تەممووزى 2023 سەرۆکایەتى کۆمار مەرسوومێکى لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا مەرسوومێکى کۆمارى ساڵی 2013ـی هەڵوەشاندنەوە، بەوپێیە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندەوە.
لویس ساکۆ لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "هەڵوێستەکانیان بەرز دەنرخێنم".
پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان دەڵێت، "واى دەبینم کە پێویستییەکى گەورە هەیە بۆ تێڕوانینێکى نیشتمانى روون بۆ سەقامگیریى وڵات، هیچ رێگەیەک نییە بۆ چارەسەرى قەیرانەکانى وڵات و چاککردنەوەى پرسەکان بەشێوەیەکى دروست، تەنیا لە رێگەى دیالۆگى شارستانی و هێمن و حەکیمانە و بوێرانە دەبێت کە هەمووان لەسەرى کۆک بن".