وەزیری کشتوکاڵی تورکیا لەبارەی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین: زیانەکان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا دەڵێت، تۆمارکردنی زیانەکانی ئاگرەکەی ئامەد و مێردین، تەواوکراون.
دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر ئاگری زەوییە کشتوکاڵییەکانی شارۆچکەی چناری ئامەد و شارۆچکەی شەمرەخی سەر بە مێردین، کە تائێستا بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، تیمەکانی حکومەت زیانەکانیان تۆمارکرد.
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-6-2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "لەگەڵ رووداوە ناخۆشەکەی شارۆچکەی چناری دیاربەکر و مازیداخی ماردین، ستافی وەزارەتمان، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دوو شارەکە و ئافاد گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە تۆمارکردنی زەرەر و زیانەکان کرد. کارەکانی تۆمارکردنی زەرەر و زیانی جووتیاران کۆتاییهاتووە."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە شارۆچکەی چناری سەر بە ئامەد 7 هەزار و 900 دۆنم سووتاوە؛ 6 هەزار و 789 دۆنم پووش و پەڵاش، هەزار و 111 دۆنمیش زەوی بە گەنم چێندراو بووە.
هەروەها 924 ئاژەڵی بچووک مردار بوونە، 83 ئاژەڵی دیکەی بچووکیش بە سەختی بریندارن و چارەسەر ناکرێن و نێردراونەتە دامەزراوەی بەرهەمی ئاژەڵان. 190 ئاژەڵیش چارەسەر کراون.
لە شارۆچکەی شەمرەخی سەر بە مێردین 7 هەزار دۆنم سووتاوە؛ 3 هەزار دۆنم پووش و پەڵاش بووە و 4 هەزار دۆنمیش زەویی بە گەنم چێندراو بووە.
نیوەشەوی 20ـی حوزەیران، ئاگرێکی گەورە لە گوندی "تۆبینی" سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و گوندی هەربەرێی سەر بە شارۆچکەی شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو و زەویوزاری هەشت گوندی کردە خۆڵەمێش. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان بەردەوامە.