EUAA بۆ رووداو: پار زیاتر لە 27 هەزار عێراقی داوای مافی مانەوەیان لە ئەورووپا کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی راگەیاندنی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەناخوازان بە رووداوی راگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، داواکاری مافی پەنابەرێتی لەلایەن خەڵکی باشووری کوردستان و عێراقەوە بەراورد بە پار زیادیکردووە. لەو ماوەیەدا، نزیکەی شەش هەزار پەناخوازی باشووری کوردستان و عێراق داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە.
  
ئەندرو ماکینلی، بەرپرسی راگەیاندنی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەناخوازان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2023، ملیۆنێک و 130 هەزار کەس داوای مافی مانەوەیان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە و لەسێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵیش، 256 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، ئەمەش بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی پار کەمیکردووە کە لە هەمان ماوەدا، زیاتر لە 264 هەزار داوا پێشکێش کرابوو." 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی ئەو ئاژانسەیە، پار 27 هەزار و 330 پەناخوازی عێراقی (بە باشووری کوردستانەوە) داوای مافی مانەوەیان لە ئەورووپا کردووە. 
 
ماکینلی دەڵێ: "ئەم ساڵ لە مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ ئادار، 5 هەزار و 795 داواکاری لەلایەن عێراقییەکانەوە پێشکێش کراون کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 5 هەزار و 580 بووە."
 
لەبارەی پێشکێشکردنی داوای مافی پەنابەرێتی لەلایەن پەناخوازانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، پار 186 هەزار و 570 داوای مانەوەیان پێشکێش کردووە و ئەم ساڵیش لە سێ مانگی یەکەمدا، 35 هەزار و 860 داواکارییان پێشکێشکردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیادیکردووە کە لەو سێ مانگەدا، 33 هەزار و 955 داواکارییان پێشکێش کردووە. 
 
لەبارەی داواکاری هاونیشتمانیان باکووری کوردستان و پەناخوازانی خەڵکی تورکیاوە، ساڵی رابردوو، 94 هەزار 515 داواکاریی مافی مانەوەیان لە ئەورووپا پێشکێش کردووە و "ئەمساڵیش لە سێ مانگی یەکەمدا، 14 هەزار و 965 داواکارییان پێشکێش کردووە و بەراورد بە ساڵی پار کەمیکردووە و لە سێ مانگی یەکەمی پاردا، 16 هەزار و 465 داواکاری پێشکێش کراوە."
 
لەبارەی هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، بەرپرسی راگەیاندنی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەناخوازان بە رووداوی راگەیاند، "ساڵی رابردوو، 16 هەزار و 790 پەناخوازی ئێرانی داوای مافی مانەوەیان پێشکێش کردووە. سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیش سێ هەزار و 25 داواکاری پێشکێشکراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کەمیکردووە کە 5 هەزار و 355 بووە."
 
ئەو بەرپرسەی ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری پەناخوازان رایگەیاند، پەسندکردنی داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەردەوام زیادیکردووە و لە ساڵی 2020دا لەسەدا 30 بووە، لە ساڵی 2021، لەسەدا 33 بووە، لە ساڵی 2022دا رێژەی پەسندکردن لە سەدا 38.5 بووە و بۆ پاریش رێژەی وەڵامی ئەرێنی بۆ داوای مافی مانەوە، لە سەدا 42 بووە.