محەممەد کایا لەبارەی هێرشی سەر بێرگەرکینگ و ستاربەکس بۆ رووداو: ئاسایش کەمتەرخەمە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لەبارەی هێرشەکەی سەر خواردنگەکانی ستاربەکس و بێرگەرکینگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراویان بۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردووە و پێیانگوتوون ئاسایش لەم بابەتەدا کەمتەرخەمە.
 
کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشی گرووپێک کە خۆیان بە (جیهادی) دەناسێنن بۆ سەر ستاربەکس و خواردنگەی خێرای بێرگەرکینگ کە دوو براندی ئەمریکین، لە ئامەد بەردەوامن.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد رۆژی دووشەممە 24-6-2024 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموومان نیگەرانی دۆخی فەلەستینین و دەزانین ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت، تاوانە و دژی مرۆڤایەتییە؛ بەردەوامیش کاردانەوەی دیموکراسیانەمان هەبووە." 
 
ماوەیەکە لە ئامەد هێرش دەکرێتە سەر ئەو براندە ئەمریکییانەی بە بۆچوونی هێرشکارە (جیهادییەکان) هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن. محەممەد کایا لەو بارەیەوە گوتی "ئێمە لەگەڵ هەموو جۆرە ناڕەزایی و خۆپێشاندانێکی دیموکراسیداین، بەڵام دەبینین ناڕەزاییەکان بە شێوەیەکی تۆقێنەر دەکرێن و زیان بە خەڵکی دیاربەکر (ئامەد) دەگەیەنن؛ هەروەها کاسبکاران بەو هۆیەوە زەرەرمەند دەبن." 
 
سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد وەبیریهێنایەوە؛ شەوی شەممە لە دوو شوێنی ئامەد هێرشکراوەتە دوو شوێن و گوتی "ئەم جۆرە هێرشانە زیان بە ناو و دەنگی دیاربەکر دەگەیەنن و خەڵک لە گەشتکردن بۆ ئەم شارە سارد دەکەنەوە. هێرشەکان زیانێکی زۆر گەورەیان هەبووە کە ئەویش دروستکردنی کاریگەریی خراپە لەسەر دەروونی خەڵک. ئەمە زیانێکە قەرەبووکردنەوەی ئاسان نییە." 
 
محەممەد کایا باسی لەوەش کرد کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-6-2024 ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی کۆبووەتەوە و نووسراوێکی ئامادەکردووە کە تێیدا ئاماژەیان بە نیگەرانییەکان داوە. 
 
سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد رایگەیاند، ئەو نووسراوەیان بۆ وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەت بەرزکردووەتەوە و گوتی "لەکاتێکدا ساڵانێکە ئەم شارە لانکەی پێکەوەژیان، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و کولتوورەکانە، ئێستا خەریکە لە رێگەی ئەو جۆرە هێرشانەوە تێکدەچێت. ئەوانە دەیانەوێت زیان بە ئاشتیی شارەکە بگەیەنن." 
 
یەکێک لەو رەخنانەی لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کەمتەرخەمیی هێزەکانی ئاسایش و درەنگ گەیشتنیانە بە شوێنی هێرشەکان. محەممەد کایا بە رووداوی گوت "لەکاتێکدا هێزەکانی ئاسایش لەکاتی خۆپێشاندانێک کە پێشتر مۆڵەتی وەرنەگرتووە، راستەوخۆ دەگەن و دەستوەردان دەکەن، لەم جۆرە هێرشانەدا درەنگ دەگەن و کەمتەرخەمن."
 
محەممەد کایا جەختی کردەوە کە بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیایان راگەیاندووە، ئەو جۆرە هێرشانە زیان بە ئامەد و کەرتی گەشتیارییەکەی دەگەیەنن و ئیدی قبووڵی ناکەن.
 
شەوی شەممە دەوروبەری کاژێر 10:00 گرووپێک گەنج لە ئامەد بە گوتنەوەی (تەکبیر، ئەڵڵاهو ئەکبەر) هێرشیان کردە سەر ستاربەکس و بێرگەر کینگ.
 
لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت؛ ئەو گرووپە گەنجە بە یەکەوە و بە گوتنەوەی درووشم هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانە. ئەو کەسانەی لەوێن کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن، دەترسن و هەوڵی راکردن دەدەن. هەروەها دەنگی منداڵ دەبیسترێت کە هاوار بۆ دایکی دەکات.
 
لەکاتێکدا گومانەکان لەسەر پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)ـن، ئەو پارتە کوردستانییە ئێوارەی یەکشەممە راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە کە ئەو هێرشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نییە.

 

A post shared by Rudaw (@rudaw)