جووتیارێکی دەڤەری راپەڕین دوای چوار ساڵ توێژینەوە بەڕێگەیەکی تایبەت سۆیا بەرهەمدەهێنێت

25-06-2023
بەرهەمهێنانی سۆیا لە گردجان
بەرهەمهێنانی سۆیا لە گردجان
نیشانەکردن جووتیار سۆیا راپەڕین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێک لە گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی راپەڕین، لەسەر پێشنیازێکی زانستی سۆیا بەرهەمدەهێنێت و، وەک خۆی باسیشی دەکات، "قازانجە مادییەکەشی زۆر باشە".
 
ئەو جووتیارە ناوی کامەران کەریمە و دەڵێ "سەرەتا بیرۆکەکەمان لێرە لە بەشی توێژینەوە وەرگرت، باس کرابوو کە سۆیا، چەندە بەرهەمێکی بەسوودە، ئێمەش هاتین و بەدواداچوونمان بۆ کرد و جۆرێکمان لەڕێگەی مام ئازاد (جووتیارە نموونەییەکە) وەرگرت".
 
جووتیارەکە باس لەوە دەکات، پێشتر گوترابوو لە کوردستان ناتوانن سوود لە سۆیا وەربگرن، بەهۆی نەگونجانی کەشوهەوای کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی، بەڵام وەک ئەو دەڵێت "ئێمە هاتین، لێرە تاقیکردنەوەمان لەسەر کرد، چەند جۆرێکی نوێمان لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنا و دوای چوار ساڵ توێژینەوە، رێگەیەکی نوێی تایبەت بە خۆمان دۆزییەوە بۆ بەرهەمهێنانی سۆیا و توانیمان سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنین".
 
بەرهەمی سۆیا لەسەر هەشت دۆنم زەوییەوە لەلایەن کامەران کەریمەوە چێنراوە، کە لە هەر دۆنمێکدا نزیکەی دوو تۆن و نیو، بەرهەمی هەبووە.
 
کامەران کەریم باسی ئەوە دەکات بەرهەمی سۆیا بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە "بۆ دەواجنەکان وەک عەلەف بەکاردێت. کە نرخی مریشک بەرزدەبێتەوە، هۆکارەکەی هاوردەکردنی عەلەفە لە دەرەوە، بەڵام ئەگەر گرنگی بەو جۆرە بەرهەمە بدەین، دەتوانین سەدان هەزار تۆن (عەلەف لە سۆیا) بەرهەمبهێنین، لەجیاتی ئەوەی لە دەرەوە هاوردەی بکەین".
 
بەرهەمی سۆیا لە هەر کیلۆیەکی، 19 گرام زەیتی لێ بەرهەمدێت و پاشماوەکەشی دەکرێتە عەلەف، بۆیە وەک جووتیارەکەی گوندی گردجان باسی دەکات، "ئەم بەرهەمە بەرهەمێکی کشتوکاڵیی پیشەسازییە و ئەگەر ئێمە بەهەند وەریبگرین، چەندین بەرهەمی دیکەشی لێ دروست دەکرێت وەک گۆشتەوشکە، شیر و پەنیری سۆیا، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا کوردستان گرنگە؛ زەیت و عەلەفەکەیە".
 
سۆیا دوو جۆر گوڵ دەدات؛ ئەرخەوانی و سپی، وەک کاروان روونی دەکاتەوە، ئەو دوو جۆرە گوڵە بۆ مێروو سەرنجڕاکێش نین بۆیە رووەکەکە دوور دەبێت لە نەخۆشی، هەروەها دەڵێ "سۆیا سەر بە خۆراکە پاقلەمەنییەکانە، تێچووی بەرهەمهێنانی دۆنمێکی 250 بۆ 300 هەزار دینارە، کە بەراورد بە داهاتەکەی شتێکی وا نییە، چونکە داهاتی زۆرە"، دەشڵێ "پێویستە حکومەت هاوکارمان بێت، چونکە ئەمە بابەتێکی گرنگە و دەکرێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ چەندین جووتیاری دیکەی ئەو دەڤەرە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.