دایکی ئاخین: داوا دەکەم بکوژی هاوژین و کچەکەم لەسێدارە بدرێت


رووداو دیجیتاڵ

سێڤێ باپیر، دایکی ئاخین و هاوژینی فارووق، کە کچ و هاوژینەکەی 4ی ئابی 2022 لە زاخۆ کوژران، چاوەڕوانی بڕیاری لەسێدرەدانی بکوژرەکەیە و دەڵێت، ژیانیان زۆر زەحمەت بووە.  
 
سێڤێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا دایک و باوکی منداڵەکەم هەر منم، منیش هیچ مووچەیەکم نییە. شتێکی زۆر ناخۆش بەسەر ئێمەدا هاتووە، دۆخەکە زۆر سەختە بۆمن، دوای رووداوەکە بڕیار بوو بکوژ لەسێدارە بدرێت، بەڵام هێشتا نەکراوە."
 
رۆژی 4ی ئابی 2022، ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بەناوی فارووق میرزا خەلەف، تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ کچە بچووکەکەی بەناوی ئاخین لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە قەزای زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار رۆژ پۆلیس تەرمی فارووقی دۆزییەوە. دوای چەند رۆژێکی دیکە، تەرمی ئاخینیش دۆزرایەوە. 
 
سێڤێ وێنەی فارووق و کچەکەی لە ماڵەوە بە گەورەیی هەڵواسیوە، بۆیە بەردەوام خەیاڵیان لای رووداوەکەیە و دەڵێن، تاوەکو بکوژ لەسێدارە نەدرێت، هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی ناکەن.
 
ئەمیرە فارووق، خوشکی ئاخین باسی لەوە کرد، "ئێمە هەتیو ماینەوە، دایکم ناتوانێت چوار منداڵ بەخێوبکات، ئاستی من لە قوتابخانە زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا وانیم و ئاستم خراپە، ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەو رووداوەوە بووە. هیوادارم لە حکومەت کە بکوژی باوکم و خوشکەکەم لەسێدرە بدات."
 
تەنیا لەم مانگەدا لە سنووری پارێزگای دهۆک سێ کەس کوژراون. دوو لەوان لە لایەن ئامۆزایان و یەکێکی دیکەیش لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.