نوێنەری سنە لە پەرلەمانی ئێران: کێشەکانی پارێزگاکە زۆرن و بودجەی کەمە


رووداو-هەولێر 

بەرپرسانی پارێزگای سنە داوا دەکەن بودجەیەکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە تەرخانبکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 23-6-2022، سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای سنە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و پەرلەمانتارانی پارێزگاکە بەڕێوەچوو.
 
لەو کۆبووونەوەیەدا موحسین فەتحی، پەرلەمانتاری شارەکانی سنە، کامێران و دیواندەرە رایگەیاند، کێشەکانی پارێزگاکە زۆرن و بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو پارێزگایە کەمە، بۆیە دەبێ کێشە بنەڕەتییەکانی پارێزگاکە و شارەکان دەستنیشان بکرێن و بودجە بەپێی گرنگی پڕۆژەکان تەرخانبکرێت.
 
هەروەها عەلیڕەزا زەندیان، پەرلەمانتاری قوڕوە و بیجار و سەرۆکی کۆڕی پەرلەمانتارانی پارێزگای سنە داوایکرد، دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجە لەنێوان شارەکانی پارێزگاکەدا هەبێت. 
 
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنەش گوتی، هەوڵدەدەن بەو بودجەیەی بۆ پارێزگاکە تەرخاندەکرێت پڕۆژە نیوەچڵەکان تەواو بکەن.
 
یەک لە پڕۆژەکان کە پارێزگاری سنە ئاماژەی پێدا بریتیبوو لە راکێشانی ئاو بۆ گوندە بێ ئاوەکان و گوتی، کێشەی ئاوی ئەو گوندانە بە 527 ملیار تمەن چارەسەر دەکرێت و نیوەی بودجەکەی تەرخانکراوە و ئەگەر بودجەکە تەواو بکرێت تاوەکو 30 مانگ دەتوانن کێشەی بێئاوی لە 169 گوندی پارێزگای سنە چارەسەر بکەن.
 
سەرۆکی رێکخراوی بودجە و پلاندانانی پارێزگای سنە لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، ئەمساڵ کۆی بودجەی ئەو پارێزگایە لە بودجەی گشتیی ئێراندا دوو تریلیۆن و 600 ملیار تمەنە و 27٪ زیاترە لە پار.