ئاژانسی فەرمی تورکیا: لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە سلێمانی بەرپرسێکی پەکەکە کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمی تورکیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر خاڵێک ئەنجامداوە و بەرپرسێکی باڵای پەکەکە بە ناوی دەلال عەزیزئۆغڵو کراوەتە ئامانج.
ئەمڕۆ هەینی 24ی حوزەیرانی 2022 ئاژانسی فەرمی تورکیا بەپشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان رایگەیاند، دەلال عەزیزئۆغڵو ناوی نهێنیی "راپەڕین"ـە و بە فەرمانی قەندیل چووەتە پارێزگای سلێمانی. دوای ئەوەی شوێنەکەی دەستنیشان کراوە لە ئۆپەراسۆنێکی میتدا کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە دەلال عەزیزئۆغڵو لە ساڵی 1992ـەوە چووەتە نێو ریزەکانی پەکەکە، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە سنووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان گەریلا بووە، هەروەها لە ئەوروپا کاری رێکخستنی ئەنجامداوە. ساڵی 2001 لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و وەک ئەندامی ئەنجوومەن و دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراوە.
تاوەکو ئێستا پەکەکە بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەوە هێرشە بڵاونەکردووەتەوە و هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
دوایین هێرش کە تورکیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دابێت، رۆژی 17-06-2022 لە نزیک سایلۆی کەلار بوو. هێرشەکە لە رێگەی درۆنێک بوو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و بریندار بوونی کەسێکی دیکە.