دەزگای دژەتیرۆر - سلێمانی: هیچ کارمەند و ئەفسەرێکمان بەناوی 'زاگرۆس جەوهەر' نییە


رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژەتیرۆر کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە وێنەی کەسێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان هیچ ئەفسەر و کارمەندێکیان بەناوی زاگرۆس جەوهەر سدیق نییە و ئەوەی "کەسێکی گوماناوی" بڵاویکردووەتەوە، "هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمانە."
 
لەدوای کوژرانی هونەرمەند جوانڕۆ باڵەبان لە هەولێر، لە سۆشیاڵمیدیا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسێک بەناوی "زاگرۆس جەوهەر" دەستی هەیە لە کوشتنەکەیدا. 
 
لە روونکردنەوەیەکدا، نووسینگەی راگەیاندنی دەزگای دژەتیرۆر ئاماژەی بەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە "بە پلانی پێشوەختەی دەزگایەکی هەواڵگری" بووە و ئەو کەسەی دەنگۆکانیشی بڵاوکردووەتەوە بە کەسێکی "گوماناو و سیخوڕ" ناوبردووە. 
 
دەزگای دژەتیرۆر روونکردنەوەکەی، وەکو خۆیان دەڵێن، "بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی بەردەستمان" بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "بە هەموو لايەك رادەگەیەیێنین، دەزگای دژەتیرۆر هیچ کارمەند و ئەفسەرێکی نییه به ناوی زاگرۆس جەوهەر سديق. ئەو ناسنامانەش کە بەناوی ناوبراوەوه بڵاوكراونەتەوه و گوایە ئەفسەره له دەزگەکەمان، بەڕوونی دیاره که ناسنامەی دروستکراوی ساختەن."
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی دەزگای دژەتیرۆردا باس لەوە کراوە، لە رێگەی ناوەندی یاسایی تایبەتمەندەوە، سکاڵایان لەسەر ئەو کەسە [ناوی هیچ کەسێک نەهێندراوە] تۆمارکردووە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی "به پلانی پێشوەخته و بەهۆی پێداگریی چەندجارەوه، هەوڵی زڕاندنی ناوی دەزگاکەمان دەدات. ئێمه بەڵێنمان له لايەنه ياساييه دەرەكييه پەيوەندیدارەکان وەرگرتووه که بەمزوانه لەو ناوچەیەی تیێدا دەژی، دەستی یاسا بگەیێننە سەری."