لە سنووری چەمچەماڵ گەنجێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چەمچەماڵ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، گیانی لەدەستدا.
 
شێرزاد محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو لە رێگەی نێوان تەکیەی کاکەمەند و ئاخجەلەر، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، گیانی لەدەستدا".
 
هێشتا هۆکاری هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلەکە کە رەنگی سپییە و ژمارەی پارێزگای سەڵاحەدینی هەیە، بۆ نێو دۆڵەکەی ئەو شوێنەی کەوتووەتە خوارەوە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 24ـی ئایاری 2024، تیمەکانیان لە بوونی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر ئەو رێگەیە ئاگادارکراونەتەوە و دواتر تیمی یەکەی فریاکەوتنی خێرا 122 تەرمی گەنجەکەیان هەڵگرتووەتەوە و رەوانەی چەمچەماڵ کراوە.