نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: ئەمساڵ 328 بازرگانی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 580 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، زیاتر لە 300یان بازرگانییان بە مادەکەوە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر، پێنجشەممە، 23ـی ئایاری 2024، رایگەیاند، تیمێکی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون، هەروەها دەستیان بەسەر 30 کیلۆ مادەی هۆشبەردا لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو 30ـی نیسان، 580 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 328یان بازرگانن و کڕین و فرۆشتنییان بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە دادگە دۆسییەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان.
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە نزیکەی 5,500 سزادراو، 1,180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.