حەج و عومرەی کوردستان داوا دەکات بانکی TBI دۆلار بداتە ئەو کەسانەی حەج دەکەن

24-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێشتا کێشەی پێنەدانی دۆلار بە بەهای فەرمی بەو کەسانەی دەچنە حەج چارەسەرنەکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەش دەڵێت، "لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی لە بانکی TBI بدرێت".
 
بڕیارە ئەم ساڵ چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی وڵاتی سعودیە بکەن.
 
جیاواز لە حاجیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە هەر یەکێکیان سێ هەزار دۆلاریان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە بەهای فەرمی (100 دۆلار بە 131 هەزار دینار) پێدەدرێت، هێشتا دیارنییە بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەدرێت یان نا.
 
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە پەیوەندیداین و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو هاونیشتمانییانە لە پێدانی دۆلار سوودمەندبن، بەڵام تائێستا روون نییە دەدرێت یان نا، هەرچەندە بڕیاری حکومەتی عێراقە بە هەموو ئەو کەسانە بدرێت کە دەڕۆنە حەج".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکیی کێشەکە ئەوەیە بانکەکانی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان لقیان نییە، بەتایبەت بانکەکانی رەشید و رافیدەین، "داوامانکردووە لە رێگەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بدرێت".
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناویان لە تیروپشک دەرچووە. نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە وشکانی 4000 دۆلارە.
 
بەپێی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق کە (سێشەممە 14ـی ئایاری 2024) لەلایەن جێگری پارێزگاری بانکەکە بە وەکالەت واژۆکراوە و ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کردووە، داوایان لێدەکات دۆلار بۆ حاجییان تەرخان بکەن.
 
لەکاتێکدا لە بازاڕەکان نرخی 100 دۆلار لەنێوان 145 بۆ 147 هەزار دینارە، بە گوێرەی نووسراوەکە، هەر کەسێک حەج بکات سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی (131 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار) دەدرێتێ، واتە دۆلار بە نزیکەی 450 هەزار دینار کەمتر لەو نرخەی لە بازاڕدا هەیە پێدەدرێت.
 
18-05-2024 یەکەم کاروانی زیارەتکارانی عێراق، بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەیشتنە سعودیە، یەکەم کاروانیش لە هەرێمی کوردستان رۆژی 27ـی ئەم مانگە دەچێتە سعودییە و تاوەکو 5ـی مانگی داهاتوو رۆیشتنیان بەردەوام دەبێت.
 
رەشید و رافیدەین دوو بانکی حکومین. دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، لە بەغدا 30 لقی بانکی رەشید و رافیدین و 8 لقیش لە پارێزگاکان، بەگوێرەی خشتەی گەشتی زیارەتکاران دۆلاریان دەدەنێ، هەروەها لەو پارێزگایانەشی نەتوانراوە لقی ئەو بانکانە بکرێنەوە، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەو پارێزگایانە دۆلار دەدەنە زیارەتکارانی حەج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە