بەشێکی باخەکانی دارزەیتوون لە باشیک دەکرێنە زەویی نیشتەجێبوون

26-05-2024
عەدلە بەکر
باخەکانی زەیتوون لە باشیک
باخەکانی زەیتوون لە باشیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ناحیەی باشیک بە داری زەیتوون بەنێوبانگە، بەڵام لەگەڵ هێرشی داعش لە ساڵی 2014ـدا 20 هەزار دارزەیتوونی سووتێنران و بڕدران، جووتیاران دەڵێن بەهۆی قەرەبوونەکردنەوەیان بەشێکی باخەکان کراونەتە شوێنی نیشتەجێبوونن.
 
سالم سەلیم، نوێنەری جووتیارەکان بە رووداوی گوت "سەبارەت بە دارزەیتوونەکان، دوای رووداوەکانی 2014، کە سووتێنران، بەتایبەتیش لە باشیک و بەهزانی، بە داخەوە حکومەت هیچ پاڵپشتیێکی پێشکەش بە جووتیاران نەکردووە و بەرهەمی زەیتوونی پشتگوێخستووە، بەو هۆیەشەوە جووتیاران نەیانتوانیوە وەک پێویست گرنگی بەو بەرهەمە بدەن."
 
هەروەها دەڵێ "چونکە هیچ لایەنێک نەبووە پاڵپشتی جووتیاران بێت و هانیان بدات، جووتیاران زەیتوونیان پشتگوێخست و بەشێکیان زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەنێوبرد، کردیانە زەویی نیشتەجێبوون."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی ناحیەی باشیک، پێش ساڵی 2014 ژمارەی دارزەیتوونەکانی باشیک و بەهزانی نزیکەی 367 هەزار دار بووە، ئێستاش دوای ئەوەی دووبارە دەست بە چاندنیان کراوەتەوە، 334 هەزار دارن.
 
شاکر یەحیا، بەڕێوەبەری کشتووکاڵی ناحییەکە دەڵێ "باشیک یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی کشتوکاڵکردن، ناحییەکە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر دارزەیتوون بەنێوبانگە، بەگوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی بەردەستمان، ژمارەی دارزەیتوونەکان، 334 هەزار دارە لە ناوچەکەدا."
 
باسی لەوەش کرد ئەو بەرهەمە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش رووبەڕووی سووتان و لەنێوبردن بووەوە ''هەروەها رووبەڕووی پشتگوێخستن بووەەوە بەهۆی ئەوەی خەڵکی باشیک لەسەر ماڵ و حاڵیان نەبوون، بەتایبەتی لەکاتی هاتنی داعش و چۆڵبوونی ناوچەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەو ماوەیە بووە هۆی لەنێوچوونی ژمارەیەکی زۆر دار زەیتوونەکان، ئەو دارەی وەک میراتێکی شارستانی باشیکە."
 
650 جووتیار، لەسەر شەش هەزار و 500 دۆنم داری زەیتوونیان چاندووە کە لە ساڵانی رابردوودا بەرهەمیان زیاتر لە 18 هەزار تۆن بووە لە حەوت جۆری جیاوازی زەیتوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە