هێزی کۆماندۆ لە گەرمیان دوو تونێلی داعشیان لەناوبرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، لە سنووری گەرمیان کێوماڵی چەند ناوچەیەکیان کرد و "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو تونێلی داعشیان" لەناوبرد.
 
رۆژی هەینی، 24ـی ئایاری 2024، فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنەکەشی لەگەڵ بڵاوکراوەتەوە ئاماژەیداوە: "تیمێكی شەڕكەر لە (كوڕانی كۆماندۆ) دوای دەستكەوتنی زانیاری ووردی هەواڵگری لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان لە سەعات 2ی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لەسنوری گەرمیان - تاوێركەوە، دەستیان بە كێوماڵ كردنی دەرچەی تاوێركەوە كرد و دوو تونێلی تیرۆرستانیان لەو ناوچەیە خاپوور كرد".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە؛ "لەكاتی كێوماڵ كردنەكەدا و لە یەكێك لە تونێلەكان "كوڕانی كۆماندۆ" دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكی ئەلكترۆنی و لاپتۆپ و پارچەی یەدەكی ئامێرە ئەلەكترۆنییەكاندا گرت، كە ئامانجی ئۆپراسیۆنەكە دەستكەوتنی ئەو كەرەستانە بوو".
 
فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان روونیکردووەتەوە؛ "ئۆپەراسیۆنەكە لە ئاسمانەوە لە لایەن هێلیكۆپتەری هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی كرا و لە کاژێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی كۆتایی هات".