داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیادیانکردووە

24-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت دەریدەخەن داهاتەکانی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە، بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە چوار ملیار دینار زیادیانکردووە.
 
بەپێی داتاکانی ماڵپەرەکە، ئەم هەفتەیە (18 تاوەکو 24ـی ئایاری 2024) داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، زیاتر لە 19 ملیار و 683 ملیۆن دینار بووە.
 
داهاتەکانی هەفتەی رابردووی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆکانیان، 15 ملیار و 319 ملیۆن دینار بووە. واتە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگای سلێمانی بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەو پێیە چوار ملیار و 364 ملیۆن دینار زیادیکردووە.
 
داهاتەکانی ئەم هەفتەیە بەپێی ماڵپەڕەکە 94٪یان نەختینە و 6٪یان بە چەک بووە و هیچ بڕە داهاتێک لە رێگەی مەقاسەوە نەبووە. 
 
داهاتەکانی مانگی رابردووی هەردوو پارێزگاکە 51 ملیار و 639 ملیۆن دینار بووە.
 
ئەو داهاتانە داهاتی گەنجینەکانی یەک، دوو، چەمچەماڵ، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە و فەرمانگەکانی 28 وەزارەت و دەستەن. لەوانە دوو دەستە، 109 بەڕێوەبەرایەتی گشتی، 516 بەڕێوەبەرایەتی، 781 فەرمانگە و چوار هۆبە.
 
 ئەو داهاتانەش بریتین لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، گومرک، کرێی کێش و پێوەرەکان، ئۆتۆمبێل، تابلۆ، داهاتی شارەوانییەکان، رسووماتی بەخشین و ژینگە. داهاتەکانیش بەشێوەی نەختینەن، چەک و لەبرێتی (مەقاسە) وەرگیراون.
 
رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، ماوەیەک بوو یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد و ناوی لێنابوو "سیستمی چاودێری و رێکخستنی داهاتی فەرمانگەکان". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە