پێنج پارتی کریستیان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

24-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێنج پارتی کریستیان هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن ئەگەر چوار داواکارییان جێبەجێ نەکرێت، یەکێکیان گێڕانەوەی هەر پێنج کورسییەکەیانە لە پەرلەمانی کوردستان، کە بە بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق هەڵوەشێندرانەوە.
 
هەر یەک لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، ئەنجوومەنی میللیی کلدانی سریانی ئاشووری، پارتی بەیت نەهرێنی دیموکراتی، پارتی یەکێتی بەیت نەهرێنی نیشتمانی، پارتی نیشتمانی ئاشووری، چوار خاڵ ئاڕاستەی دادگەی فیدراڵی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن کە بریتین لە "گێڕانەوەی پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکانی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، کردنی هەرێمی کوردستان بە یەک بازنەی هەڵبژاردن، جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کریستیان، تەرخانکردنی بنکە و وێستگە و کاخەزی دەنگدانی تایبەت بە کۆتاکان".
 
ئەو پێنج پارتە کریستیانە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر ئەو داواکارییانەیان جێبەجێ نەکرێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ناکەن.
 
ئەو پێنج پارتە لە راگەیێندراوەکەیداندا دەڵێن، "دوو بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان و دادگەی فیدراڵیی عێراق کە کورسییەکانی دابەشکرد و دواتر کورسییەکانی کۆتای گەڕاندەوە ناهەقی کردووە بەرامبەر بە ئێمە و تەنیا دوو کورسیی بۆ گەڕاندوینەتەوە و سێ کورسیی داشکاندووە، بەو پێیە مافی ئێمەی لە پارێزگای دهۆک پێشێلکردووە کە زۆرترین گەلەکەی ئێمە لەو ناوچەیەیە".
 
 بڕیارەکانی دەستەی دادوەری بە دژ بە دیموکراسییەت و دەقەکانی دەستوور و دەزانن و دەڵێن، "پێشێلکاریی روونی مافەکانی گەلەکەمانە".
 
پێنج پارتەکەی کریستیانەکان دەڵێن، ملکەچی ئەو بڕیارانە نابن و "نابن بە پاروویەکی ئاسانی دەمی نەهەنگەکانی سیاسەت کە باوەڕیان بە مافی پێکهاتە رەسەنەکانی نیشتمان نییە"، بەپێی گوزارشتی ئەوان.
 
هەروەها پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن و داوای خۆپێشاندانیش لە رۆڵەکانیان لە دژی ئەو "ناهەقییە"ی بەرامبەریان دەکرێت، دەکەن.
 
یەعقوب گۆرگێس، سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارانە تەواو دژی پێکهاتەی ئێمەن، بۆیە رەتیاندەکەینەوە، ئەگەر هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بەشداری هەڵبژاردن ناکەین".
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێنج کورسیی کۆتای بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستانی لە چوارچێوەی 100 کورسییەکە تەرخانکرد، لە سلێمانی دوو کورسی (یەک بۆ تورکمان و یەک بۆ کریستیان) لە هەولێر دوو کورسی (یەک بۆ کریستیان و یەک بۆ تورکمان) لە دهۆک یەک کورسی بۆ ئەرمەن.
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە