سەرۆکی ئیمارات لە ئەبوزەبی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

24-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە ئەبوزەبیی پایتەختی وڵاتەکەی پێشوازی لێدەکات. پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی تاوتوێ دەکەن.
 
هەروەها پەیوەندیی ئابووری و وزە لەنێوان هەردوولا و دۆخی ناوچەکە دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆی هەردوو سەرۆک دەبن. 
 
ئیمارات لە دوای تورکیا و ئێران، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. بە گوتەی کۆنسوڵی وڵاتەکە لە هەولێر، ساڵی رابردوو ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە. 
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە دەڵێت، "پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە.. سەردانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانە".
 
ئەو بایەخەی ئیمارات بە هەرێمی کوردستانی دەدات، لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان سەرکردایەتیی هەردوو لادا رەنگی داوەتەوە، پاریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جار لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئال نەهیان و جارێکی دیکەش بۆ بەشداریکردن لە پرسەی برایەکی سەرۆکی ئیمارات، سەردانی میرنشینەکەی کرد.
 
ئەحمەد زاهیری، کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر دەڵێت، "گومان لەوەدا نییە پەیوەندییەکان زۆر بەهێز و نایابن. سەرەتا فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بەردی بناخەی ئەم پەیوەندییەی دانا و ئێستا لە قۆناخێکی نوێدا بەرەو بەهێزبوونی زیاتر و تایبەتمەندی فراوانتر هەنگاو دەنێت. سەردانە زۆر گرنگەکەی فەخامەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی قەبارەی بازرگانی نێوان دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا."
 
ئەوەی سەبارەت بە هەولێر، ئیمارات لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە میرنشینە عەرەبییەکە لە ساڵی 2007 وەک یەکەمین وڵات وەبەرهێنانی لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا کردووە و ئێستا دانە گازی ئیماراتی رۆڵێکی گەورە لە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر کە گەورەترین کێڵگەی هەرێمی کوردستانە، دەگێڕێت.
 
ئابووری و وزە
 
ئیمارات بە هێزی نەرم ناسراوە، ئابوورییەکەی لە رووی بەهێزی و سەقامگیرییەوە لە یەکەمەکانی جیهانە. مانگی ئاداری ئەم ساڵ لە لووتکەی هێزی نەرم دا ئیمارات بووە تاکە وڵاتی کەنداو لە ریزی 10 یەکەمەکانی جیهان بێ لە هێزی نەرمدا. 
 
دەستنیشانکردنی ئیمارات بۆ ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیر دوای راپرسییەک هات لەنێو 17 هەزار کەسدا. ئەو وڵاتە خاڵی دیاری ئابوورییەکەی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە نەوت، ئێستا 70٪ـی داهاتەکەی نانەوتییە.
 
شێخ محەممەد بن راشد ئەلمەکتوم، سەرۆکوەزیرانی ئیمارات لە 1ـی ئاداری 2024 رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی 2022، لە ساڵی 2023ـدا قەبارەی بازرگانیی نانەوتی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە 12.6٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 952 ملیار دۆلار.
 
بەپێی تۆمارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ئەو وڵاتە کە لە 3ـی حوزەیرانی 2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی 150 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان لە بواری جیاوازدا کار دەکەن، گەورەترین و سەرەکیترینیان دانە گازە کە کەرتی گازی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە و لە کۆرمۆر گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت. 
 
هەروەها بۆ پێویستیی نێوخۆ، کۆمپانیا ئیماراتییەکە پلانی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی هەیە لە کێڵگەکە، ئێستا کە قسەی فەرمیی حکومەتی عێراق هەیە لە کڕینی گازی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردەکراو، کۆمپانیا ئیماراتییەکە دەکەوێتە نێو بازنەی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەپێناو دابینکردنی پێویستییەکانی عێراق لە گازی سرووشتی دا، چونکە عێراق چەندین ساڵە گازی خۆی دەسووتێنێت و گازی ئێران هاوردە دەکات. ئەو کۆمپانیایە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پەترۆلیۆم کار دەکات.
 
وەبەرهێنانی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە، بازاڕەکانیشیان کراوە و هاوبەشە لە ناردنی خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵی هەروەها بیناسازی و وزە.
 
بۆ فرەسەرچاوەکردنی خۆراک، بەم دواییانە ئیمارات دەستی بە ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، ئەوە لە پاڵ پەرەدان بە پڕۆژەی دیکە لە کەرتەکانی گەشتیاری، پیشەسازی و بازرگانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە