رووداو هاوبەشییەکی گرنگی میدیایی لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا رادەگەیێنێت

24-05-2023
نیشانەکردن کەشوهەوا تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
تۆڕی میدیایی رووداو و کۆمەڵەی میدیایی ئێستا کەشوهەوا بپارێزە، هاوبەشییەک بۆ  زیادکردنی هۆشیاری سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێکدەهێنن.
 
گۆڕانی کەشوهەوا، بووەتە پرسێکی جیهانیی گرنگ و بەشێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر وڵاتان لە جیهاندا هەیە. یەکێک لەو وڵاتانەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەنجامەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، عێراقە کە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ (ئێستا کەشوهەوا بپارێزە - Covering Climate Now) دەستی بە هاوبەشییەکی ستراتیژی کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک رووبەڕووی ئەم پرسە هەستیارە ببنەوە و رۆڵێکی بەرپرسیارانە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەییدا بگێڕن. ئەم پێکەوەکارکردنە تایبەتە، ئاماژەیە بە قۆناخێکی گرنگ لە کاری میدیا لە کوردستان و عێراقدا لە بواری گۆڕانی کەشوهەوادا و، دەرفەتێکی نموونەیی دەڕەخسێنێت بۆ تیشک خستنە سەر قەیرانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو بەهۆی هەبوونی تۆڕێکی گەورەی رۆژنامەڤان و سەکۆی جیاوازی پەخشکردنی هەواڵ و بەو پلاتفۆرم و کاریگەرییەی هەیەتی، کە پێویستە بۆ ئەوەی نوێترین زانیاری ورد سەبارەت گۆڕانی کەشوهەوا بداتە هاونیشتمانیان لە کوردستان و ناوچەکە، دەیەوێت بەو هاوبەشییە تازەیە هەنگاوی کاریگەرتر بنێت. لە رێگەی تەرخانکردنی سەرچاوەکانی و کاتی پەخشکردن بۆ رووماڵکردنی پرسەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا. ئامانجی رووداو ئەوەیە هۆشیاریی گشتی بەرز بکاتەوە و دەست بە دروستکردنی گفتوگۆی واتادار بکات بۆ قسەکردن سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی و هەبوونی گەشەیەکی سەقامگیر.
 
ئەم پێکەوەکارکردنە هێز دەداتە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەوەی سوود لە گەنجینەی زانیاری و ئەزموونی رۆژنامەڤانان لە سەرانسەری جیهان وەربگرێت، بەو جۆرەش زانیاری زیاتر دەداتە بینەران، گوێگران و خوێنەرانی، هەروەها مەودای بڵاوکردنەوەی بەرنامە، بەڵگەفیلم، هەواڵ و راپۆرتەکانی سەبارەت گۆڕانی کەشوهەوا فراوانتر دەکات. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی کارکردن لەگەڵ (ئێستا کەشوهەوا بپارێزە) دەچێتە نێو تۆڕێکی جیهانیی رۆژنامەڤانان و سوود لە بەرهەم و کەرەستەو ئامرازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان وەردەگرێت، ئەوەش دڵنیایی دەدات لە رووماڵێکی گشتگیر و فرەجۆری تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.
 
بڕیاری تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ (ئێستا کەشوهەوا بپارێزە) نموونەیەکە بۆ پابەندبوونی رووداو بە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانی و خۆتەرخانکردن بۆ باشترکردنی ژیان و تەندروستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان. 
 
ئێستا کەشوهەوا بپارێزە، کۆمەڵەیەکی کاریگەرە و زیاتر لە 500 دامەزراوەی میدیایی لە جیهاندا لەخۆدەگرێت. ئەو دامەزراوە میدیاییانە لە تەلەڤزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە، گۆڤار و پەیمانگەی توێژینەوە و زانکۆ لە شوێنە جیاوازەکانی ئەم جیهانە پێکدێن. 
 
 
تۆڕی میدیایی رووداو
پەیوەندییە گشتییەکان 
24ـی ئایاری 2023
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو

لە ئامێدی 40 دۆنم زەوی و باخی هاونیشتمانییان بەهۆی شەڕەوە سووتان

لەسەر رێگەی ئامێدی- دێرەلۆک 40 دۆنم زەوی کە بەشێکیان رەز و باخی هاونیشتمانییان بوون لە یەک رۆژدا سووتان. ئەوەش بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا.