کام کۆچبەرانە کۆتایی ئەم مانگە لە بەریتانیاوە دەنێردرێنەوە کوردستان؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆتایی ئەم مانگە بەریتانیا هەندێک لەو کۆچبەرانە دەنێرێتەوە هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکی زۆرە لەوێن. هاوژینی یەکێک لەو کۆچبەرە کوردانەی کە دوای زیاتر لە 21 ساڵ مانەوە لەو وڵاتە براوەتە ناوەندێکی ناردنەوەی کۆچبەران دەڵێت، بڕیارە 31ی ئەم مانگە بە زۆر بنێردرێنەوە.
 
لە بەرنامەی رێیا سۆری رادیۆی رووداو، کە کاوار ساڵح پێشکێشی دەکات، باس لە مژاری ناردنەوەی کۆچبەرانی بەریتانیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ وڵاتەکانیان کرا، کە هەریەکە لە تریفە حەمید، هاوژینی کۆچبەرێک کە بەریتانیا دەینێرێتەوە؛ د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق و؛ نزار وەیس، بەرپرسی یاسایی لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا بەشدارییان تێداکرد.
 
حەسەن نەژاد، خەڵکی کەرکووکە دوای زیاتر لە 21 ساڵ مانەوە لە بەریتانیا و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و هەبوونی 4 منداڵ، حکومەتی ئەو وڵاتە وڵاتینامەی پێنەداوە و لە رۆژی 2022/05/17ـەوە دەستگیرکراوە و براوەتە ناوەندێکی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.
 
تریفە حەمید، هاوژینی حەسەن بە چاوی پڕ فرمێسک و ترسی هەڵوەشانەوەی خێزانەکەی و بەخێوکردنی چوار منداڵ، کە یەکێکیان نەخۆشە، لە بەریتانیاوە دەڵێت، "من و چوار منداڵەکەم پاسپۆرتی بەریتانیامان هەیە، تەنیا هاوژینەکەم کە زیاتر لە 21 ساڵە لەم وڵاتەیە، مافی مانەوەی پێنەدراوە."
 
تریفە حەمید گوتی، "لە 17ی مانگەوە هاوژینەکەم دەستبەسەرە و دەیانەوێت بەبێ ویستی خۆی و بە زۆر بینێرنەوە کوردستان. هەموو ژیانمان لێرەیە، هیچ پلانێکمان نەبوو بگەڕێینەوە، هەموو کاتێک بە هیوا بووین کە رۆژێک ئەم وڵاتە مافی مانەوە بە هاوژینم بدات."
 
کاتێک حەسەن نەژاد دەستگیرکرا هاوژینی لەگەڵدا بووە و دەڵێت، "پێشتر ئاگادار نەکراینەوە. واژۆی مانگانەی هەیە. کاتێک چووین بۆ واژۆکە منیشی لەگەڵدا بووم. لە دەرەوە وەستابووم، تەلەفۆنی کرد گوتی: تۆ بڕۆ بۆلای منداڵەکان، من دەستبەسەرم و دەمبەنەوە بۆ کوردستان. پارێزەری هەبوو، پارەیەکی زۆری بە مامەڵەکان خەرج کردووە و هەر وڵاتینامەیان پێنەدا."
 
تریفە باسی لەوەش کرد، ئێستا هاوژینەکەی و ئەو کۆچبەرانەی بڕیارە بنێردرێنەوە، براون بۆ شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی هیسرو کە بە ئۆتۆمبێل دوو کاژێر لێیانەوە دوورە و ژمارەیان لە زیادبووندایە. هاوژینەکەی حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو رۆژەوەی دەستگیرکراوە نەمانبینیوە و تەلەفۆنیان لێ وەرگیراوە و تەلەفۆنێکی دیکەیان پێدراوە کە کامێرا و ئینتەرنێتی لەسەر نییە، چونکە شوێنەکەیان باش نییە."
 
تریفە حەمید لە هاوژینەکەیەوە زانیویەتی کە ژمارەی کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان لە زیادبووندایە و دەڵێت، "لەو هۆڵەی کە هاوژینەکەم دەستبەسەرە، 8 کەسن. لە شوێنی دیکە کە کەسوکاریان دەستبەسەرن دەڵێن، ژمارەیان گەیشتووەتە 200 کەس، بەڵام ئەو ژمارەیە زۆر ورد نییە. ئەوەی دەزانین ئەوەیە کە ژمارەی ئەوانەی دەستگیردەکرێن رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت و هەموویان کوردن. ئەوانەی لەگەڵ هاوژینەکەمن، خێزانیان تێدا نییە؛ بەڵام هاوشێوەی ئەو هەیە خێزاندارە و بە تەنیا دەستگیر کراوە و حەوت منداڵی تەنیا کەوتوون. هەندێک کەس هەن گوتوویانە: مان دەگرین یان خۆمان دەکوژین."
 
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رادیۆی رووداو تریفە حەمید ئەوەی خستەڕوو، "هاوژینم لە بەریتانیا ناسیوە و ئێستا چوار منداڵمان هەیە. گەورەکەمان 15 ساڵە و بچووکەکە یەکشەممە رۆژی لەدایکبوونیەتی و دەبێتە شەش ساڵ کە لە ساڵی 2019وە تووشی کەمیی شەکر بووە و دەبێت بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشک و دایک و باوکیدا بێت. شەو هەیە سێ جار شەکرەی دادەبەزێت و دەبێت خەبەری بکەینەوە و شیرینیی پێبدەین. تاوەکو بەیانی باوکی چاودێریی دەکرد، ئێستا دۆخی زۆر خراپە، منیش نەخۆشیی قورسم هەیە و پێویستم بە چاودێرییە.منداڵەکان لە قوتابخانەش زۆر ناڕەحەتن و دەگرین. کچە گەورەکەم تاوەکو ئەمڕۆیش نانی نەخواردووە و مانی گرتووە، دەڵێت: من بێ باوک چی بکەم؟ با منیش لەگەڵی بمرم."
 
تریفە حەمید باسی لەوە کرد کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆئەوەی ئەو ناردنەوەیە سەرنەگرێت و پارێزەریان بۆ گرتووە، بەڵام چونکە بڕیارەکە کتوپڕ بووە و تاوەکو 31ی مانگ لە بەردەستدا ماوە، دەڵێت، "پێویستمان بە هاوکارییە لە کوردستانەوە کە حکومەتی هەرێم بڵێت ناتوانین وەریانبگرین. هەر ئەوان بڕیارەکە بوەستێنن هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت بچێتە فڕۆکەخانەی هەولێر."
 
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش لەبارەی بڕیاری بەریتانیاوە بۆ ناردنەوەی کۆچبەران گوتی، "حکومەتی عێراق حکومەتێکە کە سەروەریی خۆی هەیە و بڕیاری تایبەت بە خۆی هەیە و هیچ ناچار نییە بچێتە ژێر بڕیارێک کە حکومەتێکی دیکە دەریکردووە. خۆ ئێرە حکومەتێک نییە سەر بە حکومەتی بەریتانیا بێت! حکومەتی بەریتانیا با بۆ خۆی بڕیار بدات و حکومەتی عێراقیش بۆ خۆی و، ئەو بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا دەیدات بۆ بەزۆر ناردنەوەی کەسێک، حکومەتی عێراق دەتوانێت رەتیبکاتەوە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ئاگادارە کە لە باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە بەریتانیا هیچ بەڵگەنامەیەک بۆ ناردنەوەی ئەو کەسانە دروست نەکراوە و پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی عێراق دڵنیایان کردوونەتەوە کە هاوکار نابن بۆ بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەران لە دەرەوە."
 
د. موسەننا ئەمین باسی لەوەش کرد، کێشەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەسەڵاتی بەسەر فڕۆکەخانەکانیدا هەیە، "ئایا لە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا لەوێ رێککەوتوون کە ئەگەر بێتو حکومەتی بەریتانیا کەسێک بەزۆر بنێرێتەوە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان قبووڵی بکەن؟ لە هەرێمی کوردستان ئەگەر فڕۆکەخانە دەسەڵاتی ئەوەی نەبێت کە ئەوانە وەربگرێت، ناتوانن بەزۆر بیاننێرنەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رایبگەیێنێت کە هاوکار نابێت بۆ بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەرەکان. ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر کرد و، پێی گوتم: هیچ جۆرە رێنوێنییەکی وامان بۆ نەهاتووە و هاوکاریش نیین بۆ پرسی بەزۆر ناردنەوەی هیچ هاووڵاتییەک."
 
پارێزەر نزار وەیس، بەرپرسی یاسایی لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا دەڵێت، "شتێک نییە بەناوی رەشبگیری بێت. هەموو وڵاتێک کە کۆچبەر یان خەڵکانی بێگانە دەگرێتە خۆی، یاسایان هەیە کە رۆژێک لە رۆژان ئەو کۆچبەرانە لەسەر بنەمایەکی یاسایی لەو وڵاتە دەربکەن. بەریتانیاش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەم بوارەدا یاسای خۆی هەیە و ئەمانەن: 'Section 3/6 Immigration Act1971' ، 'Section 3/5 Immigration Act 1971' و  دوایەمینیان یاسای 'Section 32 UK Borders Act 2007'ـە کە لە ناوەڕۆکەکەیدا دەڵێت: 'ئەمە ناردنەوەی راستەوخۆی بێگانە تاوانبارەکانە'، واتە ھەموو ئەم یاسایانە دەسەڵات بە حکومەت دەدەن کەسانێک کە ھیچ بنەمایەکی یاسایی نیشتەجێبوونیان نییە، یان تاوانیان کردووە، لە بەریتانیا دەریانبکات."
 
بەرپرسی یاسایی لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا باسی لەوەش کرد، "مەرج نییە ئەوانەی ئێستا دەستگیردەکرێن تەنیا کورد بن؛ خەڵکی وڵاتانی دیکەیشیان تێدایە و زیاتر چاو لەسەر ئەو کەسانەیە کە تاوانێکیان کردبێت، بەڵام هەندێک جاریش دوور نییە لە دۆخێکی تایبەتدا کەسێک هیچیشی نەکردبێت و چەند ساڵە وڵاتینامەیشی پێنەدرابێت، دەستگیر بکرێت."