سەندیکای رۆژنامەنووسان: زیاتر لە 1600 کەناڵی تەلەفزیۆن، رادیۆ، گۆڤار و ماڵپەڕ تۆمارکراون

24-05-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو هەولێر

زیاتر لە شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، زیاتر لە هەزار و 600  دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکاکە تۆمارکراون، بەگوتەی نەقیبی سەندیکا، دەیانەوێت بە پڕۆژەیەک کارەکانی ئەو دەزگایانە رێکبخەنەوە؛ رەتیشیدەکاتەوە بیانەوێت ئازادیی راگەیاندن بەرتەسکبکەنەوە.
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە و ئامانجەکانیان، رۆژی سێشەممە 24ـی ئایاری 2022 حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەیەکی ستراتیژیمان خستووەتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ چاکسازی و رێکخستنی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی پەیڕەوە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەمە وەکو نەخشە رێگەیەک دەبێت و چەند لیژنەیەکی بۆ پێکدەهێندرێت بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و هێنانی کۆمەڵێک پسپۆڕ، بۆ ئەوەی بتوانین کۆی ژێرخانی یاسایی لە بواری میدیا گفتوگۆ بکەین، دایەلۆگ بکەین هەندێکیان لەنێو پەرلەمان و هەندێکیشیان لە دەرەوەی پەرلەمان".
 
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، 21ـی نیسانی 2022، سەردانی رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دوێنی 23ـی ئایاری سەردانی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان کردووە و هەردووکیان پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکەیان دەربڕیوە.
 
هەندێک لە رۆژنامەڤانان گومانیان هەیە و پێیانوایە پرۆژەکە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیی رۆژنامەگەرییە. ئازاد حەمەئەمین گوتی: "پڕۆژەکەی ئێمە نابێتە بەدیلی هیچ یاسایەک؛ بەڵکو دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەشە و بۆ بۆچوونێکی هاوبەش و زانستی و پیشەییانەیە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەهاوکاری ئەوان بۆ بەرچاوڕوونیمان لە داهاتوودا چۆن ریفۆرمی یاساکان بکەین، بەڵام ئەمە نابێت لەسەر حیسابی ئەو بەرژەوەندییانەبێت کە لە رابردوودا سەبارەت بە ئازادیی رۆژنامەگەری دەرچوون، ئێمە خۆمان خاوەنی یاسای ژمارە 35ین و لێی پاشگەز نابینەوە".
 
لە هەرێمی کوردستان یاسای رۆژنامەگەری و یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری هەن؛ زۆر جار دەگوترێت یاساکان "باشن، بەڵام کاریان پێناکرێت"، سەبارەت بەوە حاکم ئازاد گوتی: "یاسای ژمارە 35 یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2007 دەرکراوە، هەندێکجار راپۆرتەکان دەخوێنمەوە، هەندێکیان بەشێوەی رەها قسە دەکەن و دەڵێن یاساکە جێبەجێناکرێت، ئەمە راست نییە، بە بەڵگەی ئەوەی سەتان بڕیاری حوکم لە هەموو دادگەکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون لە بەرژەوەندی و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 35، بۆیە قسەکردن بە رەهایی باش نییە؛ تاکوتەرا لە هەندێک شوێن و هەندێک کەیس ئێمەش وەکو سەندیکا تێبینمان هەیە و تێبینیشمان داوەتە دادگە کە دەبێت لەو کەیسانەی پەیوەندی بە پیشەی رۆژنامەوانییەوە هەیە، یاسای ژمارە 35ـی تێدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەگشتی یاساکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت".
 
لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان شەش هەزار ئەندامی کارا هەن؛ حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت: "ئەگەر بەراوردێکی داتاکان بکەین کە زیاتر لە 950 گۆڤار و رۆژنامە، زیاتر لە 300 کەناڵی تەلەفزیۆنی؛ زیاتر لە 250 رادیۆ و نزیکەی 100 ماڵپەڕی تۆمارکراویش لە سەندیکا هەن، بۆ هەر دەزگایەک ئەگەر سەرنووسەر و چەند پەیامنێرێک هەژماربکەین، زیاتر دەبن لە شەش هەزار کەس".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.