رێکخراوی جەستەبەخشان: لە کوردستان بازرگانی بە گون، جگەر و گلێنەی چاو دەکرێت

24-05-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان رایدەگەیێنێت گورچیلە، جگەر، گون، گلێنەی چاو و مۆخ زۆرترینی ئەو ئەندامانەی جەستەی مرۆڤن، کە لەهەرێمی کوردستان و عێراقدا بازرگانییان پێوەدەکرێت. وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، ئەو کارە سزای تووندی هەیە.
 
نەخۆشخانەیەک بۆ جەستەبەخشان
 
فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامانی لەشی مرۆڤ، ساڵانە زۆر کەس گیان لەدەستدەدەن و زۆر کەسیش کە ئامادەن ئەندامانی جەستەی خۆیان ببەخشن ناتوانن ئەو کارە بکەن.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە هەزار و 230 کەس ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە پاش مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن بەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.
 
بە گوتەی فەرهاد قادر ساڵانێک لەمەوبەر بڕیاربوو نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی بۆ چاندنەوەی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە ناوچەی قڕگە دروستبکرێت و بەردی بناخەشی بۆ دانرا و نزیکەی 400 ملیۆن دۆلاریشی بۆ تەرخانکرابوو، بەڵام دواتر دروستنەکرا.
 
سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا بۆ زیندووکردنەوەی بابەتی دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەچاندنەوەی ئەندامانی جەستە و هەروەها گوشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رێنمایی تایبەت بە یاسای ياساى بەخشین و چاندنى ئەندامەكانى لەشى مرۆڤ دەربکات، بەنیازن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە.
 
ساڵانێکە باس لە بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەکرێت. بە گوتەی فەرهاد قادر ئەو بازرگانییە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و دەڵێت: "ساڵانی رابردوو چەند باندێک لەنێویاندا باندی گەورە هەبوون دەستگیرکران و ئێستاش چەندین گرووپ بۆ بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە هەن".
 
گونی چەپ لە گونی راست گرانترە؟
 
لە کوردستان ئەوەی زانراوە زۆرتر بازرگانی بە گورچیلەوە دەکرێت، بەڵام فەرهاد قادر دەڵێت، جگە لە گورچیلە، بازرگانی بە گون و جگەر و گلێنەی چاویش دەکرێت. فەرهاد قادر گوتی: "لە هەرێمی کوردستان و عێراق گون فرۆشتن هەیە و ئێمەش تۆمارمان کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەتمەند و پێویستەوە پرۆسەکە لە دەرەوە دەکرێت، فرۆشیارەکان دەبرێن بۆ هیندستان و لەوێ نەشتەرگەرییەکەیان بۆ دەکرێت".
 
سەبارەت بە نرخی ئەو ئەندامانەی جەستەی مرۆڤ، فەرهاد قادر گوتی: "پەیوەست بە گونەوە جیاوازییان هەیە، گونی چەپ بە نزیکەی 140 هەزار دۆلارە، بەڵام گونی راست بە 70 هەزار دۆلارە".
 
فەرهاد قادر هۆکاری جیاوازیی زۆری نرخی گونی چەپ و راستی بۆ ئەوە گەراندەوە کە: "گونی چەپ بۆ سێکسکردن سوودی هەیە و کڕیار بۆ ئەم مەبەستە دەیەوێت، بەڵام گونی راست بۆ منداڵبوون و سپێرمەکانە، ئەمەش پتر ئەو کەسانە هەوڵی دەستخستنی دەدەن کە کێشەی منداڵ خستنەوەیان هەیە".
 
سەبارەت بە نرخی جگەر و گلێنەی چاو و هی دیکە، فەرهاد قادر گوتی: "جگەر لەنێوان 4 بۆ 5 هەزار دۆلار دەبێت، گلێنەی چاو بە 5 بۆ 7 هەزار دۆلار بۆ هەر دانەیەک، زۆر جار ئەو گلێنانە لە ئێرانەوە دەهێنرێن."
 
لە کوردستان و عێراق بە پلە یەک بازاڕی گورچیلە گەرمە و فەرهاد قادر دەڵێت: "بووەتە دیاردە". سەبارەت بە نرخەکەشی دەڵێت: "نرخی گورچیلە ئەگەر بەبێ بازرگان و نێوەندگیر بێت، لەنێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینارە، بەڵام نرخەکە ئەگەر بازرگان بیکات، پێنج ملیۆن بۆ 7 ملیۆن دیناری بۆ فرۆشیارەکە دەمێنێتەوە".
 
فەرهاد قادر گوتیشی، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان گورچیلەیان دەفرۆشن بە پلەی یەکەم عەرەبەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، دوای ئەوەش هەندێک خەڵک کە لە ئێرانەوە دێن ئەو کارە دەکەن، بەڵام ئەوەی بازرگانیی پێوەدەکات کوردە.
 
رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، رێکخراوێکی کوردستانییە، بارەگای سەرەکی لە شاری سلێمانییە، لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2013ـەوە دامەزراوە، هەزار و 230 ئەندامی لە سنووری هەرێمی کوردستان هەیە، لەنێویشیاندا بیانی هەن، وەک سەرۆکی رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ دەکات.
 
ئەو کەسەی دەبێتە ئەندامی ئەم رێکخراوە دەبێت دوو فۆرم پڕبکاتەوە، یەکەمیان وەسییەتنامەکەیە کە داوا دەکات پاش مردنی ئەندامانی جەستەی ببەخشرێت، دووەمیشیان بریتییە لە رەزامەندیی خێزانی کەسی بەخشەر.
 
سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، فرۆشتنی ئەندامانی لەش و بازرگانیکردن پێوەیان بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە، لەنێویاندا، هەژاری و نەبوونی یاسای پێویست، قۆستنەوەی باری دارایی خەڵک و هەروەها حەزی دەوڵەمەندبوون.
 
گون دەگۆڕدرێت؟
 
هەرچەندە فەرهاد قادر دەڵێت، کەیسییان لەلایە کە گونی خۆی فرۆشتووە و خەڵکیش پەیوەندی پێوەکردوون کە ئامادەن گونی خۆیان بفرۆشن، بەڵام پزیشکێک دەڵێت، شتێک نییە بەناوی گۆڕین و گواستنەوەی گون.
 
دکتۆر ئەحمەد عادل، پسپۆری نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات و نەزۆکی و کێشەی سێکسی بە رووداوی گوت: "هەموو نەشتەرگەرییەک لێکەوتەی خراپی هەیە، بەڵام ئەو نەشتەرگەرییەی کە باس دەکرێت، نە لە کوردستان و نە لە دەرەوەش ناکرێت". گوتیشی : "بەهیچ شێوەیەک گونی کەسێک بۆ کەسێکی دیکە نابێت، نە لە رووی پزیشکی نە لە رووی شەرعی".
 
سزای بازرگانی بە ئەندامانی جەستەوە چییە؟
 
پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی 2018 ياساى بەخشین و چاندنى ئەندامەكانى لەشى مرۆڤ لە كوردستان پەسەندکرد و بەپێی یاساکە هەر کەسێک ئەندامێک یان بەشێکی جەستە بەمەبەستی چاندن بۆ نیازی بازرگانی بفرۆشێط، بەزیندانیکردن تاوەکو 7 ساڵ و پێبژاردنی 10 بۆ 20 ملیۆن دینار سزادەدرێت.
 
خۆ ئەگەر ئەو کردارە ببێتە هۆی مردنی کەسی بەخشەر ئەوا سزاکە دەبێتە 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنێک لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دینار دەبێت.
 
فەرهاد قادر گوتی، یاساکەی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بەدەرکردنی رێنماییە بۆ جێبەجێکردنی، پێویستە حکومەت بەخێرایی ئەو کارە بکات.
 
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، نایشارێتەوە بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام روونیکردوە: "هەرکەس بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە بکات تووندترین سزا دەدرێت، رەنگە لێرە و لەوێ حاڵەت هەبێت، بەڵام سزاکانمان تووندن".
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا تەنانەت رێوشوێنەکانی بەخشینی جەستەیان بۆ ئەوانەش تووندکردووە کە بە خواستی خۆیان ئەندامانی جەستەیان دەبەخشن و گوتی: "لیژنەیەکمان هەیە نوێنەری داواکاری گشتی و پزیشکی دەروونیشی تێدایە و دەبێت ئەو کەسەی ئەندامی جەستەی دەبەخشێت رەزامەندیی دایک و باوکی هەبێت، کە ئەمە پێشتر نەبوو".
 
لەبارەی گون فرۆشتنیشەوە، د. ئاسۆ حەوێزی گوتی: "نەمبیستووە بازرگانی پێوەبکرێت، بەڵام ئەو نەشتەرگەرییە لێرە ناکرێت، چونکە نەشتەرگەرییەکی قورسە".
 
جەستەیەک بە کەڵکی حەوت کەس دێت
 
بەپێی قسەکانی سەرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشانی کوردستان، بە ئەندامانی جەستەی کەسێک کە دەمرێت دەتوانرێت ژیانی 7 کەسی نەخۆش رزگار بکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو نەخۆشخانە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کەس لە هەرێمی کوردستان گیان لەدەستدەدەن، بەبێ ئەوەی سوود لە جەستەیان ببینرێت. تەنانەت کۆلێژە پزیشکییەکانیش سوود لە ئەندامانی جەستەی مردووان وەرناگرن، ئەگەر بۆخۆشیان بڕیاریان دابێت جەستەیان بدرێت بەو کۆلێژانە بۆ سوود لێوەرگرتنیان.
 
کەس لەسەر فرۆشتنی ئەندامی جەستە دەستگیرکراوە؟
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە ماوەکانی رابردوودا و ئێستاش بەردەوامین لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەکەن و چەندین کەس دراونەتە دادگە و سزا دراون".
 
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کەیسەکان زۆرن و زیاتر بازرگانی بە گورچیلەوە دەکرێت، هەروەها بەشی زۆری ئەوانەی گورچیلەیان دەفرۆشن بە رەگەز عەرەبن.
 
بازرگانی بە ئەندامانی جەستە، یەکێکە لە بازرگانییە گەشەکردووەکان، دابەشبوونی زیاتری جیهان بەسەر بەرەی هەژار و دەوڵەند و زۆربوونی شەڕەکان و هەژاری هۆکارێکی سەرەکین بۆ بڵاوبوونەوەی گرووپی تایبەت بەم بازرگانییە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە