لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان نوێژی جەژن کرا

24-05-2020

09:25

لە بەشێکی مزگەوتەکانی دهۆک نوێژی جەژن کرا

ناسر عەلی پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە سێ جار بڕيار بۆ کردنەوە و نەکردنەوەی مزگەوتەکان گۆڕدراوە، ئەمڕۆ بەشێک لە مزگەوتەکان کرانەوە و بەشێکیشیان نوێژیان تێدا نەکرا. 
 
مەلا عەبدولڕەزاق کۆڤلی پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی حاجی محەممەد عەلی بە رووداوی راگەیاند: "ئەوقاف و یەکێتی زانایان گوتیان نوێژی جەژن دەکرێت و ئێمەش خەڵکی خۆمان ئاگادار کردبووەوە کە نوێژدەکرێت، دواتر درەنگانێکی شەو بڕیارەکە گۆڕدراوە و بڕیاردراوە نەکرێ کەچی ئێمە ئاگاداری ئەو بڕيارە نەبووین چونکە بە مەسج نێردراوە و زۆربەی مامۆستاکان یان خەوتبوون یانیش ئینتەرنێتیان نەبووە کە ئاگاداری ئەو بڕیارە بن بۆیە لە هەندێ لە مزگەوتەکان نوێژکراوە".
 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:00

سیمای جەژن بە بنەسڵاوەی هەولێرەوە نابیندرێت

فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لە بنەسڵاوەی هەولێر گوتی: "جیاواز لە ساڵانی رابردوو هەست بەوە ناکەی کە لەو ناوچەیەی هەولێر جەژنی رەمەزان بێت. تاک تاک خەڵک لە دەرەوە دەبیندرێت. کۆڵانەکان چۆڵن و سەردانە کۆمەڵایەتییەکان نابیندرێن".
 
 
زیاتر بخوێنەوە

06:20

لە زیاتر لە 200 مزگەوتی سلێمانی نوێژی جەژن کرا

نوێژی جەژن لە سلێمانی
هۆرڤان رەفعەت پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەبارەی بەڕێوەچوونی نوێژی جەژن لەو شارە گوتی: "لەسەرجەم مزگەوتەکانی سلێمانی کە زیاتر لە 200 مزگەوتە نوێژی جەژن کرا، بەهەمانشێوە لە شارۆچکە و گوندەکان و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش نوێژی جەژن کرا".
 
هۆرڤان رەفعەت ئاماژەی بە جیاوازییەکانی یەکەم رۆژی جەژن لە سلێمانی بەراورد بە ساڵانی رابردوو کرد و گوتی: "ئەگەرچی نوێژکرا بەڵام قەرەباڵخیی وەک ساڵانی رابردوو نەبوو. شەقامەکانیش بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە چۆڵن و لە کاژێر 07:00 ـەوە هیزە ئەمنییەکان دەچنە سەر شەقامەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ".
 

 

زیاتر بخوێنەوە

06:00

مامۆستا عوسمان هەڵەبجەیی: رەمەزان فێری لێبوردەیی کردین

مامۆستا عوسمان هەڵەبجەیی: رەمەزان فێری لێبوردەیی کردین
یەکێک لەو مزگەوتانەی هەولێر کە دەرگای کراوەبوو مزگەوتی بەختیاری بوو. پ.د.عوسمان هەڵەبجەیی، مامۆستای زانکۆ و گوتاربێژی مزگەوتی بەختیاری لە گوتاری نوێژی جەژن، گوتارەکەی لەبارەی لێبوردەیی بوو و گوتی: "مانگی رەمەزان فێری کردین لێبوردەبین، فێری کردین عەیب و عاری خەڵک داپۆشین، ئەگەر لەگەڵ بەندەکانی خودا لێبوردە نەبی ئەوە خودای گەورە لێت نابوورێ. ئەگەر داوای داپۆشینی عەیب و عارت دەکەی دەبێ عەیب و عاری خەڵک داپۆشی بۆ ئەوە خوا وەڵامی ئەو داوایەت بداتەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

05:45

زۆربەی مزگەوتەکانی زاخۆ دەرگایان کراوەبوو

مزگەوتێکی زاخۆ
مزگەوتێکی زاخۆ
یوسف موسا لە مزگەوتێکی زاخۆ کە تێیدا نوێژی جەژن دەکرا زانیاری لەبارەی دۆخی شارەکە خستەڕوو و گوتی: "جەژنی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاوازییەکی زۆری هەبوو، ئەو قەرەباڵخییەی ساڵانی رابردوو لە مزگەوت و گەڕەک و شەقامەکان دەبیندرا ئەمساڵ نەبوو. دەرگای زۆربەی مزگەوتەکان کراوەبوون، پۆلیس و ئاسایش لە بەر دەرگای مزگەوتەکان بوون و رێنماییان بە خەڵک دەدا".
زیاتر بخوێنەوە

05:24

نوێژی جەژن لە گەڕەکەکانی کەلار

لە گەڕەکی دریم لاند نوێژی جەژن کرا
لە گەڕەکی دریم لاند نوێژی جەژن کرا
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە کە تێیدا نوێژی جەژن دەکرا ئامادەبوو و لەوبارەوە گوتی: "بەدرێژایی مانگی رەمەزان نوێژی تەروایح لەم گەڕەکە کە ناوی دریم لاندە لە باخچەیەکی گەڕەکەکە دەکرا بە پاراستنی رێنمانییە تەندروستییەکان، بەهەمانشێوە نوێژی جەژنیش هەر لەو شوێنە کرا".

 

زیاتر بخوێنەوە

05:00

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان نوێژی جەژن کرا

لە زۆربەی مزگەوتەکان نوێژی جەژن کرا
ئەمرۆ یەکشەممە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ بەڵام لە زۆربەی مزگەوتەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هاونیشتمانیان بە کۆمەڵ نوێژی جەژنیان ئەنجامدا، لەو شوێنانەش کە مزگەوتەکان داخرابوون لە گەڕەکەکان کۆبوونەوە و نوێژی بەکۆمەڵیان کرد. 

تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 05:00 بەیانییەوە دەستی بە رووماڵکرد و دوایین زانیاری و پێشهاتەکانی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، رۆژئاوا و باکووری کوردستان لەرێگەی پەیامنێرەکانەوە دەگوازێتەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە