بەشێكی گفتوگۆ تووندەكەی نێوان موسەننا ئەمین و عەبدوللەتیف ئەحمەد


رووداو – هەولێر

شەوی 24/25ی ئایاری 2014 بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە تەلەڤزیۆنی رووداو بە میوانداریی د.موسەننا ئەمین و د.عەبدوللەتیف ئەحمەد پێشكەشكرا، تەوەری بەرنامەكە تایبەت بوو بە ئیسلام و سیاسەت.

بەرنامەكە هەر لە سەرەتاوە بە لێدوانی تووند لەنێوان هەردوو بەشداربوو بەڕێوەچوو، چونكە یەكەمیان پشتگیریی حیزبە ئیسلامییەكانی دەكردو دووەمیشیان بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكردەوە.

موسەننا ئەمین پێیوابوو حیزبایەتی لە ئیسلامدا بۆ خزمەتكردنە بە خەڵك "ئیتر لە ئۆپۆزیسیۆن بێت یان دەسەڵات"، بەڵام عەبدوللەتیف ئەحمەد پێیوابوو "ئیسلام رێگە بە حیزبایەتی نادات" و ئەوان خزمەت بە پرۆسەی دیموكراسی دەكەن. گوتیشی "ئەگەر خزمەتە بە ئیسلام بۆ هەموو حیزبە ئیسلامییەكان یەكناگرن".

عەبدوللەتیف ئەحمەد، كە مامۆستایەكی دیاری رەوتی سەلەفییەكانی هەرێمی كوردستانە دیموكراسییەتی رەتكردەوەو لە وەڵامی موسەننا ئەمیندا گوتی "بە هەموو شێوەیەك دژی پەرلەمان و دیموكراسیم". موسەننا ئەمینیش گوتی "ئێمە دیموكراسییەتمان بەبێ لیبراڵی قەبووڵە".

ئەو مامۆستا سەلەفییە رەخنەی لە بیری ئیخوان موسلیمین گرت و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی بە بەشێك لە رەوتی ئیخوان لەقەڵەمدا، لە وەڵامیشدا موسەننا ئەمین گوتی "ئیخوانیبوون شەرەفە و تەكفیر ناكات"، عەبدوللەتیف ئەحمەدیش گوتی "وەڵڵا عەیبەیە".