نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ: گڕوتينى تێکۆشانی له‌پێناو ئازاديدا پته‌وتر کرد

24-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی (کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو) رایگەیاند: "لاپەڕەیەکی ترى ئازاربەخشى مێژووی کوردستان بوو، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان لاواز بکات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆردوومانکردنەکەی بە "تاوانێکی دڕندانەى رژێمی پێشووی عێراق بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازييه‌كه‌ى" ناوبرد  کە "دەیان قوتابی و مامۆستا و هاووڵاتی شەهید بوون."
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەو تاوانە "نەیتوانیوە ئیرادەی گەلی کورد لاواز بکات" بەڵکو گوڕوتينى بۆ "بەردەواميی خەبات و تێکۆشان له‌پێناو ئازاديدا، پته‌وتر کرد."
 
51 ساڵ پێش ئێستا حکومەتی پێشووی عێراق (بەعس) بۆردوومانی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لەو شارە کرد و تێیدا 163 كەس شەهیدبوون 9 یان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون.
 
ساڵی 1974 لەدوای بڕیاری داخستنی زانکۆی سلێمانی لەلایەن حکومەتی بەعس، زانکۆکە گواسترایەوە بۆ قەڵادزێ، رژێمی پێشوو وەکو "وەڵام و رێگریکردن و چاوترساندن" بۆردوومانی شاری قەڵادز‌ێ و زانکۆی سلێمانی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لەم یادەدا، بە رێزەوە یادی شەهیدانى جوانه‌مه‌رگى زانكۆ دەکەینەوە و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا دادەنەوێنین."
 
"پشتگیريی تەواومان بۆ خزمه‌تكردنى زياترى ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ نوێ دەکەینەوە کە هەمیشە هێمای خەباتی نیشتمانی بوون و بۆ به‌رگريكردن له‌ کوردستان، قوربانیی گەورەيان داوە." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.
 
هەروەها گوتیشی: "بەرپرسیاريه‌تيی هەموومانە به‌ كاركردن بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ئه‌وێ و کوردستان به‌گشتى، رێز لە خه‌بات و قوربانیدانیان بگرین."
 
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 
 
ئەمڕۆ يادى خه‌مناكى ساڵیادی بۆردومانکردنی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ 24ـی نیسانی 1974 لە تاوانێکی دڕندانەى رژێمی پێشووی عێراق و له‌ هه‌وڵێكى بێهودەدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازييه‌كه‌ى، دەیان قوتابی و مامۆستا و هاووڵاتی شەهید بوون.
 
لەم یادەدا، بە رێزەوە یادی شەهیدانى جوانه‌مه‌رگى زانكۆ دەکەینەوە و سه‌رى رێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا دادەنەوێنین. ئەم تاوانە سامناكه‌، لاپەڕەیەکی ترى ئازاربەخشى مێژووی کوردستان بوو، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان لاواز بکات، بەڵکو گوڕوتينى بۆ بەردەواميی خەبات و تێکۆشان له‌پێناو ئازاديدا، پته‌وتر کرد.
 
لەم بۆنەیەدا، پشتگیريی تەواومان بۆ خزمه‌تكردنى زياترى ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ نوێ دەکەینەوە کە هەمیشە هێمای خەباتی نیشتمانی بوون و بۆ به‌رگريكردن له‌ کوردستان، قوربانیی گەورەيان داوە. بەرپرسیاريه‌تيی هەموومانە به‌ كاركردن بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ئه‌وێ و کوردستان به‌گشتى، رێز لە خه‌بات و قوربانیدانیان بگرین.
 
سڵاو له‌ گیانی پاکی شەهیدانی زانکۆی سلێمانی و قەڵادزێ و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان، ياديان به‌ خێر.
 
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/24
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە